spot_imgspot_img

كارتی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك لە پارێزگایەكی كوردستان كاراكرا

نوێكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك لە پارێزگای كەركوك و بابل كارا كرا و وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت: بەم زووانە لە پارێزگاكانی دیكەش كارا دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی دەستپێکردنی نوێکردنەوەی داتای کارتی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراکی لە پارێزگاکانی کەرکوک و بابل ڕاگەیاند، و دەڵێت: لەسەر بنەمای کارتی نیشتمانی یەکگرتوو دەبێت و بەرنامەكە لەسەر مۆبایل كارا كراوە بۆ هەردوو جۆری “ئەپ ستۆر” بۆ ئامێرەکانی ئایفۆن و “گوگڵ پلەی” بۆ ئامێرەکانی ئەندرۆید.

تالیب حەسەن نەعمە، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتەكە ڕایگەیاند، بەم نزیکانە پارێزگاری دیكەش دەچنە ناو پڕۆسەی نوێکردنەوە و بە ئەلیكترۆنی كردنی کارتی بەشەخۆراک.

وتیشی، “ئامانجی پلانەکە ئەوەیە، کە بگاتە هەموو پارێزگاکان وەک بەشێک لە پلانێکی گشتگیر بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمەکە، دواتر ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکان بۆ چالاکییەکانی بەشەخۆراک، لەوانەش زیادکردن، گواستنەوە، دابەشکردن و ڕاگرتنی شتومەک، لە ڕێگەی بەرنامەکانی مۆبایلەوە”.

وەزارەتی بازرگانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەو ناوچانەی کە نوێكردنەوەكە دەیانگرێتەوە پەلە بکەن لە نوێکردنەوەی داتاکانی کارتی بەشەخۆراکی خۆیان، هۆشداریشیدا کە دابینکردنی بەشەخۆراک بۆ ئەو کەسانەی کە نوێكردنەوەكە ناکەن دوای وادەی دیاریکراو ڕادەگیرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە