هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، لە پرۆسەیەكی ئەمنیی تۆكمەدا لە ڕەقەی باكوری سوریا، شانەیەكی سەر بە ڕێكخراوی داعش-یان تێكشكاندووە، كە ئامادەكارییان بۆ هێرشكردنە سەر زیندانێكی ڕەقە دەكرد.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “تیمێكی پرۆسە سەربازیەكان (TOL) بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، توانییان ئەمیرێكی د.عش بەناوی (عەبد عید) كە ناسراوە بە (ئەبی زوهرە) لەگەڵ چوار ئەندامی دیكە دەستگیر بكەن”.
ڕاشیگەیاندووە، دەستگیركردنی ئەمیر و چوار ئەندامەكەی داعش، بە پشتبەستن بووە بە زانیاریی هەواڵگری ورد سەبارەت بە چالاكیەكانی شانەكە، كە لە ماڵێكی ناو شاری ڕەقە كۆبوونەتەوە و كردبوویانە ناوەندێكی چاوپێكەوتن و دابەشكردنی ئەركەكان”.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمەكەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان پێش ئەنجامدانی پرۆسەكە ناوچەكەیان گەمارۆداوە و دواتر هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكە و ئەندامەكانی داعش-یان دەستگیركردووە.
