دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بارانبارین و تەرزە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و بەفر لە لوتكەی شاخەكان باریوە و پلەكانی گەرمای دابەزاندووە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: بارانەکە سوودی دانەوێڵەی چێندراوی هەموو هەرێمی کوردستان هەیە و بڕی بەرهەمی گەنم زیاد دەکات.
ئەمڕۆ سێ شەممە، کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە، “ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکان باران دەبارێت. هەندێک کات لێزمەباران و ئەگەری هەورە برووسکە و بارینی بەفر لەسەر لووتکەی چیا بەرزە سنوورییەکانیش هەیە”.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاندووە، “لە هەولێر و دهۆک هەموو گەنمێک لەنێو نەچووە. گەنم هەیە گەشەی نەکردووە، هەیە درەنگ چێندراوە و هەشە ئاودانی پێویستی نەبووە، بۆیە بارانەکە بۆ کشتوکاڵ و بووژانەوەی زەوی لە دهۆک و هەولێریش زۆر پێویستە”.
ڕاشیگەیاندووە، “وشکەساڵی رەهەندی زۆرە و تەنیا دانەوێڵە نییە. تاوەکو نێوەڕاست و مانگی داهاتوو بەهۆی توانەوەی بەفر و بەردەوامیی بارانەوە ئاو گل دەدرێتەوە، کشتوکاڵی زستانەش سوود لە بەردەوامیی ئەم بارانە نەبینێت، ناوچە شاخاوییەکان سوودی لێ دەبینین و بۆ ئاوی ژێرزەویش گرنگە”.
ئاشكراشی كرد، بەهۆی کەم بارانییەوە لە سنووری هەولێر و دهۆک بەشێک لە جووتیاران دەستبەرداری زەوییەکان بوون؛ “هەیە ئاژەڵی تێکردووە و هەیە کردوویەتی بە پەرێز، بەڵام بە گشتی ئێستا باران پێویستە و ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم بەرز دەکاتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەهۆی كەمی بارانەوە مەترسی وشكەساڵی لە بەشێكی هەرێم هەیە و بەشێكی جوتیاران دەستبەرداری گەنمی چێندراو بوون و لە بەشێكی هەرێم كانی و كارێزەكان نەتەقیون.
ئەم شەپۆلە باران و تەرزەیەی لە شەوی ڕابردووەوە هەرێمی گرتۆتەوە لە هەندێك ناوچە تەرزە زیانی لە ڕەز و باخی هاووڵاتیان داوە و قەیسی و قۆخ و بەرهەمی تووی تەكاندووە.