پەرلەمانی عێراق پاکێجێکی یاسایی لە بەرژەوەندیی مامۆستا و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە پەسەندکرد و دەرماڵەی مامۆستایانی بۆ دوو هێندە زیاد كرد.
دوێنێ دوو شەممە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و جگە لە پەسەند كردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، چەند پڕۆژە بڕیار و یاسایەك پەسەند كران، كە لەنێویاندا پڕۆژەیەكی تایبەت بە مامۆستایان بوو.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاردرا بە زیادکردنی دەرماڵەی پیشەیی مامۆستایان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 300 هەزار دینار لە مانگێکدا.
ڕاشیگەیاند، بڕیار دراوە لەسەر ئەوەی خزمەتی مامۆستایان لە ناوچە گوندنشینەکان و دوورە دەستەكان بۆ مەبەستی خانەنشینی دوو هێندە هەژمار بكرێت.
ئاشكراشی كرد، بەپێی بڕیارەكە، مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەستی ساڵی 2020 دەکرێنە هەمیشەیی، هاوکات سەرجەم شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ خوێندنی ساڵی 2024 خەرج دەکرێت.
سەرۆكی پەرلەمان وتیشی، “سەرجەم کارمەندانی پەروەردەیی مافی وەرگرتنی پارچە زەوی نیشتەجێبوویان دەبێت، هاوشێوەی ئەو فەرمانبەرانەی كە یەکەی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە”.
ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە مامۆستایانی عێراق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی پیشەیی و خێزان و منداڵ دەكەن.
