spot_imgspot_img

مۆلیدەكانی سلێمانی هەڵوێستیان لەسەر كارەبای 24 كاتژمێری ڕاگەیاند

كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكان و خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی هەڵوێستیان لەسەر كارەەبای 24 كاتژمێری ڕاگەیاند و دەڵێن: دەیانەوێت ئێمە مۆلیدەكان بكوژێنینەوە و دەڵێن بڕۆن لەماڵەوە دابنیشن، بۆیە كە كارەبا نەبوو ئێمە ئامادە نین هیچ كارەبایەك هەڵبكەین.

خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، لە سلێمانی نزیكەی 600 مۆلیدە بوونیان هەیە و لەم قۆناغەدا، كە ئەزموونیە كارەبای 24 كاتژمێری 29 مۆلیدەیان خستۆتە ناو ئەو ئەزموونییەوە، كە 10 مۆلیدە لەگەڵ 7 مۆلیدەی بازاڕ كوژاوەتەوە لە 6ی ئازاری ئەمساڵەوە و ئێستا كارەبای 24 كاتژمێری لەو شوێنانە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی 4 كابینەی حكومەتە خزمەتی شار و وڵاتی خۆمان دەكەین بەبێ‌ هیچ قەرەبوویەك دەیانەوێت ئێمە مۆلیدەكان بكوژێنینەوە و دەڵێن بڕۆن لەماڵەوە دابنیشن.

بەوتەی خاوەن مۆلیدەكان، “ئێمە كارەبای 24 كاتژمێری ڕەت ناكەینەوە، چونكە ئەوە ئیشی حكومەتە و ئێمەش بازرگانین و ئیش دەكەین، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە، كە دەیانەوێت ئێمە بكەن بە داردەستی خۆیان تاوەكو پڕۆژەكەی خۆیان سەردەكەوێت بۆیە گرێبەستەكەمان واژۆ نەكردووە”.

دەشڵێت: ئێمە خاوەن مۆلیدەكان گرێبەستمان واژۆ نەكردووە و هەموومان واژۆمان كۆكردۆتەوە، كە ماوەیەكی دیكە وەرزی گەرمایە و ئەگەر پڕۆژەكە فراوانتر بوو چەندین مۆلیدەی دیكە كاركردنیان ڕاگیرا، بەڵام كە كارەبا نەبوو ئێمە ئامادە نین هیچ كارەبایەك هەڵبكەین، چونكە داواكاری ئێمە جێبەجێ‌ ناكرێت.

ئاشكراشی كرد، حكومەت دەڵێت كارمەندێك بۆ مۆلیدەكەت دادەنێم مانگانە بڕی 800 هەزار تا ملیۆنێك دینارت پێ‌ دەدەم تا پڕۆژەكە سەردەكەوێت و ئەوكات مۆلیدەكە لادەبرێت، بۆیە ئێمە ئامادەنین سەرمایەیەكی 20 دەفتەر دۆلاری بخەینە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە و سەرمایەكەمان لەدەست دەكەین و ئەو خەڵكە بۆ هەتایە دەبێتە كرێچی ئەو حكومەت و كۆمپانیایانە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە