وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەزامەندی خەرجکردنی شەش مووچەکەی خانەنشینان دراوە بە خەزێنەکان و دەست بە خەرجکردنی دەکرێت.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: ڕەزامەندی دراوەتە خەزێنەکان بۆ خەرجکردنی شەش مووچەی بنەڕەتی ئەو خانەنشینانەی کە بەهۆی وەرنەگرتنی مۆڵەتەوە لە کاتی فەرمانبەریان پێیان دەدرێت.
وتیشی: “لە هەموو هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار مووچەخۆر خانەنشین بوون، هەرفەرمانبەرێک لە ساڵێکدا دەتوانێت مانگێک پشوو وەربگرێت، بەشی زۆری فەرمانبەران ئەم مۆڵەتەیان وەرنەگرتووە، بۆیە شەش مووچەی بنەڕەتیان پێدەدرێت، ئەمە جگە لە 12 مووچەکەی تر کە وەریدەگرن”.
بەوتەی سادق عوسمان، ئەگەر فەرمانبەرێک خزمەتی 30 ساڵی هەبووبێت و مۆڵەتەکەی لە کۆتایی ساڵدا بەسەر یەکەوە وەرنەگرتبێت، ئەوە خۆی 30 مانگ دەکات، بەڵام حکومەت مووچەی شەش مانگی پێدەدات، ئەوەی تری کە دەمێنێتەوە دەخرێتە سەر خزمەتی خانەنشینیەکەی.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر فەرمانبەرێک كەمتر لە 25 ساڵ خزمەتی هەبوو ئەوا ئەو شەش مانگەی بۆ خەرج ناكرێت.