بڕیارە ئەمڕۆ شاندی دانووستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆببنەوە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانووستانکاری پارتی بە میدیای پارتی وتووە: “ئەمڕۆ لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، پێشوازیی لە شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین و لە کۆبوونەوەکانی پێشوو لەسەر نەخشە ڕێگەیەکی تۆکمە پێک هاتووین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەتوانم بڵێم زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن”.
بە گوێرەی قسەکانی دڵشاد شەهاب، پارتی و یەکێتی لەسەر بەرنامە و ویستی بەشدار بوون لە حکومەتی نوێ ڕێککەوتوون و گفتوگۆی یەکەمیش لەسەر چۆنێتی و شێوازیی بەشداربوون لە کابینە کراوە، وتیشی: “تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە حکومەتێک پێکبهێنین لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت”.
دڵشاد شەهاب باسی لەوەشکرد، “یەکێک لەو پێوەرانەی لە دانوستانەکاندا ڕەچاو دەکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردنە، چونکە دەبێت ڕێز لە دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت”.
وتیشی: “هەرچەندە لێکگەیشتنی نێوان پارتی و یەکێتی، سنووری ئەم ڕەچاوکردانانە دەبەزێنێت، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە لەم قۆناغەدا حکومەتی بەهێز لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان و گۆڕانکارییەکان پێک بهێنین”.
ڕاشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لەلای خۆیەوە بەرنامەی هەیە و بە هەمانشێوەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ گفتوگۆ، “بەڵام ئەمڕۆ دانوستان دەکەین، ئومێدم زۆرە هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێش بچین و لە پێکهێنانی کابینە نزیکتر بینەوە”.
پێشتریش دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەکردبوو، کە لەگەڵ پارتی لە بارەی پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام دەدرێت.