spot_imgspot_img

ئەنجامی پشكنینی كوالێتی ئاردی بەشەخۆراك ڕاگەیەنرا

تیمێکی پشکنینی هاوبەشی وەزارەتی بازرگانی عێراق بەدواداچوون بۆ کوالێتی بەشە ئاردی کەمپەکانی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆک دەکات و جەختدەكاتەوە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکە بەپێی تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکان بووە و نانێكی باشی لێ‌ دروست دەبێت.

کۆمپانیای گشتی دروستكراوی دانەوێڵە، کە سەر بە وەزارەتی بازرگانییە ئاشکرای دەکات، تیمێکی پشکنینی هاوبەشیان ڕەوانەی کەمپەکانی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆک کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوالێتی ئاردی دابینکردنی خێزانە ئاوارەکان. ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی بە دڵنیابوون لە کوالیتی ئەو پێداویستییە خۆراکیانەی، کە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکرێت.

موحسین ئەلناماس، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دروستكراوی دانەوێڵە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، تیمەکە لە وەڵامی سکاڵاکان لەسەر کوالێتی ئاردی دابەشکراو لەو کەمپانە پێکهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمەکە کە پسپۆڕانی بەشی کۆنترۆڵی جۆری و بەدواداچوونیان لەخۆگرتبوو، دەستیانکرد بە سەردانکردنی ژمارەیەک کەمپ، کە نمونەی ئاردی تێدا کۆکرایەوە بۆ پشکنینی تاقیگەیی پێویست. جگە لەوەش “نانەواخانەیەک” بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی ئارد، هەروەها ڕاپرسییەکی مەیدانی ئەنجامدرا کە ژمارەیەک خێزانی ئاوارە لەخۆگرتبوو بۆ کۆکردنەوەی بۆچوون و سەرنجەکانیان.

ئاشكراشی كرد، ئەنجامی تاقیکردنەوەکە بەپێی تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکان بووە و ئاردی ئامادەکراو سەلامەت بووە و ستانداردە تەکنیکی و کوالیتییە پێویستەکانی بەدیهێناوە.

شایەنی باسە کۆمپانیاکە بەردەوامە لە چاودێریکردنی کوالێتی ئاردی لە هەموو ناوچەکان و پابەندە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی کوالێتی بەرهەم و دڵنیابوون لە گەیاندنی سەلامەت و تەندروست بۆ سودمەندان.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە