لەتیفا دروبی، هاوسەری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ تورکیا، شانبەشانی هاوتا تورکیەکەی (ئامینە ئەردۆغان) بینراوە کە لاپەڕەیەكی سپی گەورەی واژۆکرد، كە “بەیاننامەی نیازپاکی جیهانییە بۆ دەستپێشخەریی بەفیڕۆنەدان”.
ئامینە ئەردۆغان، هاوسەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توریكا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی (ئێكس) بڵاویكردەوە، “زۆر خۆشحاڵ بوم بە ناسینی خاتو لەتیفا دروبی، هاوسەری سەرۆکی سووریا، کە لە چوارچێوەی چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا سەردانی وڵاتەکەمانی کرد “.
ئاماژەی بەوەشكرد، “لە میانی کۆبوونەوەکەماندا باسمان لە پڕۆژە هاوبەشەکان کرد، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان دەبێت لە سووریا، هەروەها دەستمان خستەسەر گرنگی ئەو پردانەی کە ژنان لە ڕێگەی گفتوگۆ و هاودەنگی لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا دروستی دەکەن”.
هاوسەری سەرۆكی توركیا باسی لەوەشكرد، “بەم بۆنەیەوە سوپاسی دروبی دەکەم، کە پێی وایە بەرپرسیارێتی ژینگەیی پرسێکی ویژدانی هاوبەشە، بە پشتگیریکردن و واژۆکردنی جاڕنامەی جیهانی نیازپاکی سەبارەت بە بەفیڕۆنەدان”.
لە مانگی (ئەیلول/9)ـی ساڵی 2022، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 30ـی (ئازار/3)ی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی بەفیڕۆنەدان ناساند، بە ئامادەبونی ئەمینە ئەردۆغان وەک میوانی تایبەتی سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەو چوارچێوەیەدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیارێکی نووسراوی پێشکەش بە هاوسەری سەرۆک کۆماری تورکیا کرد بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی دەستەی ڕاوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەفیڕۆنەدان بکات.