دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر بڕیاری خانەنشینبوونیان، هێشتا پارەی مۆڵەتی كۆكراوە، كە شەش مووچەی بنەڕەتییە، نەدراوەتە خانەشینانی ئەمساڵ. بەرپرسێكی گەنجینەش لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، دەست بە خەرجكردن دەكرێت و پارەكەش بە یەك گوژمە دەدرێت.
میدیای پارتی لە زاری بەرپرسێکی گەنجینەی سلێمانییەوە ئاشکرای کرد، “بۆ شەش مووچەی خانەنشینان، كە بە (ئیكرامییە) ناسراوە، هێشتا دەست بە خەرجكردنی نەكراوە، چاوەڕوانی وەڵامی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاریین، بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە خەرجكردنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی ئەمساڵ خانەنشین كراون”.
ئەو شەش مووچەیەی دەدرێتە خانەنشینان، پەیوەستە بە مۆڵەتی کۆکراوەی شەش مووچەی بنەڕەتی، ئەگەر فەرمانبەرێک مووچە بنەڕەتییەکەی (600 هەزار دینار) بێت، ئەوا بڕی (سێ ملیۆن و 600 هەزار دینار)ی پێ دەدرێت.
بەرپرسی گەنجینەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشدا: “پێشتر پارەكە لە داهاتی ناوخۆ لە گەنجینەکان خەرج دەكرا، بەڵام ئێستا دیار نییە لەلایەن بەغدا خەرج دەكرێت یان لە داهاتی ناوخۆ دەبێ، ئێمە چاوەڕوانی فەرمانی خەرجكردنین و هەموو كارەكان تەواو بوونە.”
بەهۆی جێبەجێکردن و هاوتاکردنی یاسای خانەنشینیی فیدڕاڵی، لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەرانی لەدایكبووی سێ ساڵ (سێ موالید) خانەنشین کران، کە ژمارەیان زیاتر له (30 هەزار) کەس بوو.
ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین کراون، لیستی ناو و مامەڵەی شەش مووچەکەیان دراوەتە وەزارەتی دارایی.
ئەوانەی خانەنشین کراون و (25 ساڵ) زیاتر خزمەتیان هەیە، (12 مووچەی تەواو)ی پاداشتی خانەنشینی (ئیکرامییه) وەردەگرن، بەڵام ئەو پرسه پەیوەندیی بە فەرمانگەی خانەنشینی و دارایی عێراقەوە هەیە، پەیوەندیی بە گەنجینەکانەوە نییە.
لای خۆیەوە ئەشرەف فازڵ، بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی، ڕایگەیاند: “بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی پاداشتی مۆڵەتی کۆکراوەی شەش مانگی خانەنشینان دەکرێت”.
بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: “بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە، ناتوانرێت پاداشتەکە پێکەوە بدرێتە هەموویان، بەڵکوو بە چەند قۆناغێک دەدرێت”.
جەختی كردەوە، ئەگەر فەرمانبەرێكی خانەشینكراو ئەو شەش مووچەیەی هەر چەندێك بێت، ئەوا بە یەک گوژمە پارەکەی پێ دەدرێ.
بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای راژەی شارستانی، ئەو فەرمانبەرەی حەواڵەی خانەنشینی دەکرێت، مافی مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە (ئیکرامییە)ی هەیە و ئەم بابەتە مافێکی وەزیفییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مافی خانەنشینییەوە نییە.