قەرەبووکردنەوەی خاوەن دوکاندارەکانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی دەستیپێکرد و بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی-ش لە سلێمانی دەڵێت، دوکاندارەکان بە یەکجار قەرەبووەکە وەردەگرن.
عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە، هەروەک بەڵێنیان پێدرابوو دەست بە قەرەبوو کردنەوەی کاسبکارەکانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی دەکەن، کە خێراترین شێوازی قەرەبوو کردنەوەبوو.
باسی لەوەشکرد: ئەمڕۆ خاوەنی 106 دوکاندار هاتوون، کە نوێنەرایەتی 133 دوکانداری زیانلێکەوتوو و پێنج شوێنی فرۆشتنی خواردەمەنی خێرا دەکەن، قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: تا ئێستا کۆی قەرەبووەکە ملیارێک دینارە و بەپێی قەبارەی دوکانەکە و کەرەسەکانی ناویەی، پارەکە دەدرێت بە دوکاندارەکان، ئەمەش لە دوای بڕیاری لیژنەی قەرەبوو کردنەوەکە کە هەڵسەنگاندنی بۆ زیانەکان کردووە.
وتیشی: پارەکە دەدەینە خۆیان و خۆیان دەست بە نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانیان دەکەنەوە.
ئەوەشی باسکرد: ئەم قەرەبوو کردنەوەیە، لەسەر بودجەی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بووە، پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە، “هیوادارین حکومەتی هەرێمیش بڕیاری هاوشێوە بدات”.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 5ی نیسانی 2025، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕ و دوکانەکانی مەزادخانەکەی سەرەوە (دارە سوتاوەکە) کەوتەوە و دوای سووتانی زیاتر لە 100 دوکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانیەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
بەهۆی ئاگرەکەوە زیانێکی زۆری ماددی بە کاسبکاران و دوکاندارەکان گەیشت، دواتر سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی دارایی زیانلێکەوتوانی ئاگرەکە.
