ئێزدییەکان “سەفەری نان و ماست” دەکەن

سەفەری نان و ماست یان سەردانی نان و ماست، لای ئێزدییەکان ڕێوڕەسمێکی کولتوورییە، ساڵانە لە یەکی ئادار ئەنجام دەدرێت و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەموو ئێزدییەکان بتوانن سەردانی لالش بکەن و بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا بکەن.

لەوێ خەڵکەکە نان دەخۆن و نان دەبەخشنەوە و نزا بۆ ھاتنەدی ئاواتەکانییان دەکەن.

یەکێک لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی نان و ماست بە ناوی شیرین خەلیل لە پەرستگای لالش وتی: “ئێمە لێرەین نزا بۆ دراوسێ و کەسوکارمان و ھەموو جیھان دەکەین بۆ ئەوەی تا لە نەھامەتی دووربن”.

شیرین خەلیل وتیشی: “ھەموو ساڵێک ئێمە لەم کاتەدا لێرەین و نان و ماست و خێری خۆمان دەهێنین و منداڵەکانیش بەشداری دەکەن، لەو پەرستگایە نزا دەکەین”.

بەشداربوویەکی دیکە، بەناوی فەرمان نەمر دەڵێت: “خەڵکی گوندەکان ھەر یەکێک ڕۆژێک دیاری دەکات بۆ بەشداری لە گەشتی نان و ماست بکەن و دێنە لالش، ئێمە خەڵکی گوندی بێرستەکین سەر بە قەزای شێخان، ئەمڕۆ ھەشت گوند بەشداربووینە پێکەوە”.

لە ڕێوڕەسمەکەدا پیر و لاو و منداڵانی ئێزدی هەمووی سەردانی پەرستگاکەیان دەکەن و بەدەم خوێندنەوەی سروودە ئاینییەکان، نزایان کرد.

ئێزدییەکان باوەڕیان وایە، ئەوە سەفەرەیان دەربڕینی خواست و مرازیانە و بۆ دەستخستنی پێویستە لە لالەش بچنە سەر ئاوی سپی و خێر بکەن. بۆیە دەستە دەستە ئێزدییەکان بە لەدەستگرتنی ئەو خێر و خێراتانەی هێناویانە، دەچنە پەرستگای لالەش.

فەرمان نەمر لەبارەی چۆنییەتی بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا دەڵێت: “خەڵکی گوندەکان ھەریەکە و بەگوێرەی توانای خۆیان خۆراک دەکەنە خێر، وەک ئارد، زەیت، شەکر و ھەر خواردنێک ھەبێت دەکرێتە خێر”.

پەرستگای لالش گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە قەزای شێخان بە دووری ٦٠ کم لە باکووری خۆرھەڵاتی شاری مووسڵ و تەواوی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی ئێزدی لێ ساز دەکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە