لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا زانکۆکانی ویلایەتی فلۆریدا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە کۆچبەران دەدەنە پۆلیس.
لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە دژی کۆچبەران، زانکۆ حکومییەکانی ویلایەتی فلۆریدا پۆلیسی زانکۆکانیان سەرپشککرد لە جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە کۆچبەران.
جۆشوا گلانزەر، وتەبێژی زانکۆی فلۆریدا ئەتلانتیک ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە بەدەنگەوەچوونی بڕیارەکانی پارێزگاری ویلایەتەکەیە کە مانگی شوباتی ڕابردوو دەریکردن و تێیدا سەرجەم دامەزراوەکانی پابەند کرد بە هاریکاریکردنی تەواوی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لە پرسی کۆچبەراندا.
بەو پێیەش پۆلیسی زانکۆکان دەسەڵاتییان هەیە بڕیارەکانی تایبەت بە کۆچبەران جێبەجێ بکەن و لەمەودوا دەتوانن لێپرسینەوە لە هەر کەسێکی بیانی بکەن و لە هەندێک حاڵەتی دیاریکراویشدا بە بێ فەرمانی دادگا دەستگیریان بکەن.
هەروەها دەسەڵات دراوەتە پۆلیسی ناوخۆی فلۆریدا کە فەرمانە کارگێڕییەکانی تایبەت بە کۆچبەران جێبەجێ بکەن و ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی هەر بیانییەکیش خێرا بکەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبێتە ئەمریکا.