سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی 37 ساڵەی جینۆسایدی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی ئەو کارەساتە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی 37 ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی 37 ساڵەی کارەساتی ئەنفال دەکەینەوە کە یەکێکە لە سامناکترین و دڕندانەترین مەرامەکانی رژێمی پێشووی عیراق بۆ سڕینەوەی گەلی کورد”.
دەشڵێت: “داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن و لە هەموو ڕووەکانەوە قەرەبوویان بکەنەوە، چونکە ئەرکی سەرشانی هەموولایەکە گوێ لە داواکارییە ڕەواکانیان بگرن و جێبەجێیان بکەن”.
“ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەیکەین تا ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین و بەڵێن دەدەین ڕۆڵەیەکی بە وەفا دەبین بۆیان، چونکە ئازاری ئەوان، ئازاری ئێمەشە”، بافڵ تاڵەبانی وای وتووە.
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی وتووە: “هەوڵەکانمان لە پرۆسهى گهڕان بهدواى ڕووفاتى شههيدان و گێڕانهوهيان بۆ نیشتمان بەردەوامە تا کەمێک برینی قوڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان ساڕێژبێت کە برینی سەر دڵی هەموومانە”.
باسی لەوەشکردووە: “لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و بگەینە ئامانجەکانمان کە سەرەکیترینیان خزمەتکردنی هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە”.
