spot_imgspot_img

پەنجەیەکی خۆڵاویی لەسەر پەڕەکانی مێژوو

لە هەر یاڵ و پێدەشت و کەژ و کێو و شاخێکەوە، وەک هەناسەی ڕێبوارێکی ماندوی خەمبار، هێشتا ئەو دەنگانە دێن… دەنگی پۆستاڵی سەربازی، قیژەی کچێ لەدەست گەلە جەللادێکی هاربوو، زریکەی منداڵ، هاوار و دوعای دایکان.

وا ڕۆژەکان چوونە تەمەنێکی نوێوە، بەڵام کوردستان هێشتاش هەر بە تاسەی ئازیزانی هەر تۆز و خۆڵێک لەو عەرعەرەوە هەڵبکات ئەم لێرەوە زۆر بە ماتی زەردەخەنەی خۆی بۆ دەکات. ئەنفال زامێکە نەک هەر بە بەژان، بەڵکو بە فرمێسکی چەندین نەوە نووسرایەوە و هێشتا بۆ نوسینەوەی فرمێسکی تازەی دەوێت.

ئەنفال. . . ئەو ڕۆژانەی کە زەوی بێدەنگییەکی ترسناکی هەڵبژارد،
کاتێک ئاسمان ڕەنگێکی نامۆی گرت و هەورەکانیش زەردهەڵگەڕان. کاتێک باڵندەکان مەملەکەتی باڵەفڕێیان بەجێهێشت. کاتێک لووتکەی شاخەکان وەک شاهیدێکی بێدەنگ، چاویان لەسەر ئەو کاروانە بوو کە بەرەو نەمان دەبران. ئەو ڕۆژانەی کە لە هەر جێیەکی کوردستان چیرۆکی مەرگ لەسەر سنگی بەرد هەڵکەندرا، ناسنامەیەک دڕێندرا، و مێژوویەک داگیرسا.

مێژوویەک داگیرسا، لە پڕکێشی دەستی منداڵێک کە چنگی لە خاک گیر کردووە، لە گوارەی بەجێماوی کچێک لەناو لمدا، لە عەینەکی پیرەمێردێک کە چاوەڕوانی بینینی ڕووناکی ڕۆژێکی تر بوو…

لە هەناوی هەر دۆڵێکدا چیرۆکێک هەیە، لە گەرووی هەر ئەشکەوتێکدا ئاوازێکی غەمگین هەیە، لە ڕووخساری هەر شاخێکا دوو کانی چاو تەڕی پڕ لە فرمێسک هەیە.

کەسێک کە ئەنفالی نەبینیبێت ناتوانێت تێبگات چۆن دەمی بە کەڵبە و قەپاڵی شۆفڵ لمی لەسەر ڕوخساری منداڵان دەڕژان. ناتوانێت هەست بە نیگای کۆتایی ئەو ژنە بکات کە پرچ و ڕوومەتی دەڕنی تا کۆرپەکەی بەسنگیەوە بگرێتەوە. ناتوانێت گوێ لە هاواری ئەو بێدەنگییە بگرێت کە دوای دوایین تەقە لمی بیابانی بە عەبایەکی ڕەش داپۆشی.

ئەنفال تەنها چیرۆکێکە سەرەتای دیارەو کۆتایی نیە، لە هەر بەیانییەک کە ژنێکی ڕەشپۆش هەڵدەستێتە سەر پێ، ئەنفال بەردەوامە. لە هەر گوندێکی چۆڵکراو کە تەنها با چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە، ئەنفال بەردەوامە.

با چرای بیرەوەری داگیرسێنین.. با ئەم برینە قووڵە نەبێتە تەنها وشەیەک لە فەرهەنگی مێژوودا. با بە چرای بیرەوەری، ئەو ڕێگایانە ڕووناک بکەینەوە کە مەرگ پێیدا ڕۆیشت. با لە هەر ماڵێکی کوردستاندا مۆمێک دابگیرسێنین بۆ ئەوانەی کە گەڕانەوەیان نەبوو، بۆ ئەوانەی کە سنووری نێوان ژیان و مردنیان لە وەک خەونێک بوو.

ئەنفال تەنها وشەیەک نییە، نەفەسێکە لە سییەکانماندا، پەنجەیەکی خۆڵاوییە لەسەر پەڕەکانی مێژوو، هاوارێکە لە قووڵایی خاک و مێژوو. ئەنفال ئەو چیرۆکەیە کە دەبێت بۆ هەمیشە بیڵێینەوە، تا ویژدانی مرۆڤایەتی جارێکی تر نەنوێتەوە.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە