سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئانفالدا بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، لە 37ەمین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی ئەنفال دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.
مەسرور بارزانی دەڵێت: “جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون”.
ڕاشیگەیاند، پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.
مەسرور بارزانی وتیشی، لە ساڵیادی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
