بۆ ڕێگری له “حه‌جی نایاسایی”، سعودیه له 29ی ئه‌م مانگه‌وه چوونه نێو شاری مه‌ككه و مانه‌وه تێیدا به ڕووی ئه‌و گه‌شتیار و عومره‌كارانه‌دا داده‌خات، كه پێشتر ڤیزایان بۆ سه‌ردانیكردن وه‌رگرتووه و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دواین وادەیە بۆ عومرەكاران و كۆتایی بە وەرزی عومرە دێت.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعودیه لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، له‌ژێر ناوی ڕێكخستن و گرتنه‌به‌ری ڕێكار بۆ ئاسایش و سه‌لامه‌تی میوانانی ماڵی خوا له وه‌رزی حه‌جدا، ده‌رگای گه‌شتكردن بۆ شاری مه‌ككه و مانه‌وه تێیدا له 29ی ئه‌م مانگه‌وه به ڕووی ته‌واوی هه‌ڵگرانی ڤیزا، جگه له ڤیزای حه‌ج، داده‌خات.
ڕاشیگه‌یاند، ڕۆژی 13ی نیسان، واته ئه‌مڕۆ، كۆتا مۆڵه‌تی ئه‌و عومره‌كارانە ده‌بێت تا خۆیان بگه‌یه‌نن به مه‌ككه و ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه 29ی نیسانیش كۆتا واده ده‌بێت بۆ جێهێشتنی شاره‌كه.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داواكردنی مۆڵه‌تی سه‌ردانیی عومره له ڕۆژی 29ی ئه‌م مانگه‌وه و له ڕێگه‌ی پلاتفۆرمی نسوك-ه‌وه ڕاده‌گیرێت و تا 10ی حوزه‌یران به‌رده‌وامی ده‌بێت.
سعودیە بڕیاریشی داوە، “له 25ی شوال واته 23ی نیسانه‌وه سه‌ردانیكردن بۆ شاری مه‌ككه ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت، كه نیشته‌جێی شاره‌كه، یاخود مۆڵه‌تی كاركردن، یان ڤیزای حه‌جكردنیان هه‌یه”.
گرتنه‌به‌ری ئه‌و ڕێكارانه دوای ئه‌وه دێت، كه ساڵی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك له موسڵمانان له ڕێگه‌ی ڤیزای درێژخایەنی عومرەوە به‌شدارییان له پڕۆسه‌ی حه‌ج كرد و ئەوەش ژمارەی حاجییانی زۆر زیاتر كرد و چەندین ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویاندا.
