دەستەی دەستپاکی عێراق گەڕاندنەوەی برەپارەیەکی زۆری بۆ خەزێنەی دەوڵەت ڕاگەیاند و دەڵێت”بڕی یەک ملیار و 315 ملیۆن دینارمان گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت”.
دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەمڕۆ یەک شەممە 13ـی نیسان بڵاویکردەوە، توانیویەتی زیاتر لە یەک ملیار و 315 ملیۆن دینار لە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لە ئەنجامی ئەو سەرپێچی و زیانانەی کە تووشی بووە کاتێک بەشداری لە زیادکردنی دراودا کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی هاتووە، لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی دادوەری دادگای تاوانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە لەلایەن ستافەکەیەوە گیراوەتەبەر کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان تێوەگلاوە لە فرۆشتنی دراوی بیانی لە ڕێگەی بانکی نیشتمانی عێراقەوە ، و لە ئەنجامدا توانرا 1 ملیار و 315 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێردرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکاری و هەماهەنگی گەورە لەگەڵ فەرمانگەی دژە سپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆر، کە بووە هۆی دیاریکردنی بڕی زیانەکان، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی 36ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر ژمارە 39ـی ساڵی 2015، ئەم چالاکییە ئەنجام درا.