بەپێی پێشبینی مەودا درێژی سەرجەم مۆدێلە بەناوبانگەکانی جیهانی، وەرزی گەرما و هاوینی ئەمساڵ لەناوچەکە زۆر گەرم دەبێت پلهکانی گەرما بەڕێژەی زۆر لەسەروی نۆڕماڵ دەبن، تەنانەت لەبەشێکی ناوچەكە بۆ ئاستی مەترسیدار بەرز دەبێتەوە و پلەکانی گەرما دەگەنە 50 پلە و زیاتریش و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: ئەگەر زۆرە هاوینی ئەمساڵی 2025 ڕیکۆردی نوێ تۆمار بکات لە بەرزی پلەکانی گەرما.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەدیارترین ئەو مۆدێلە بەناوبانگانەی ئاماژە بە هاوینی زۆر گەرم دەکەن لەوانە مۆدێلی (کۆری و ئەمەریکی و بەریتانی و کۆڵۆمبی و ئەوروپی و فەڕەنسی).
سەبارەت بە لێکدانەوە و پێشبینی خۆی، ئەو شارەزا كەشناسییە دەڵێت: وەرزی گەرما و هاوینی ئەمساڵ دەبێتە دەگمەنی یان مێژوویی، چونکە بەدرێژایی وەرز و تا ئەو ماوەیه بەتایبەتی هەریەک لەمانگەکانی 12 و 1 و 2 و 3 باران بارین لەسەرجەم ناوچەکان لەخوار نۆڕماڵ بوو تەنانەت لەبه شێکی زۆری لەخوار نۆرماڵ بوو و مانگی 11ش لەزۆرێک ناوچە، هەروەها ڕەشەبا و بوونی وشکەسەرما و (زوقم) شەختە و بەستنی ناو بەناو و ڕەشەبا هەموویان ئاماژەن بۆ هاوینێکی زۆر گەرم و جیاواز پڕوکێنەر.
ڕاشیگەیاند، هەسارەکەمان ساڵ لەدوای ساڵ بەهۆی زۆر بوونی چالاکیە مرۆییەکان و هۆکارەکانی تر گەرمتر دەبێت و ناوچەکانی ئێمەش و عێراق پشکی شێریان بەرکەوتووە لەو گەرمبوونە، بەلام له کۆتایدا هەموو گۆڕانکاریەک بەدەست خوای گەورەیە.
ڕوونیشی كردەوە، ڕوودانی یوک گڕکانی زۆر گەورە دەتوانێت هەموو پێشبینیەکان پێچەوانە بکاتەوە هەروەک وەرزی 1991 -1992 کەگڕکانێکی گەورە لەفلیپین ڕوویدا و پلەکانی گەرمای بەتێکڕای 2 دابەزاند و بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری مایەوە و سەرما و بەفر و باران و وەرزی سەختی دابارینی 1991-1992 بەهۆکاری ئەم گڕکانە دادەنرێت لەناوچەکانمان بەتایبەت لەڕووی سەرما و بەفرە یەکێک بوو لەساڵە سەخت و مێژووییەکان.
