لیژنەی تەکنەلۆژیا لە قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری هەموو کامێراکانی چاودێری لە شوێنە بازرگانی و شوێنە گشتییەکان دەکات و لەکاتی پێویستدا سەیری دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، میران ڕزگار، سەرۆکی لیژنەی تەکنەلۆژیا لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنەکەیان ڕۆژانە تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکەن لە شوێنە گشتی و بازرگانییەکان و ئەو شوێنانەی کە کامێرای چاودێرییان نییە یان وەکو پێویست کارناکات ناچاریان دەکەن پابەندی رێنماییەکان بن.
ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی تەکنەلۆژیا پێکهاتووە لە کەسانی شارەزا کە نوێنەری بەڕێوبەرایەتی ئاسایش و ڕۆشنبری و قائیمقامیەت.
میران ڕزگار وتیشی سکاڵا لە هەر شوێنێک هەبێت ئەو لیژنەیە سەردانی شوێنەکە دەکات و تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکات بەپێی بەڵگەکان مامەڵەی یاسایی لەگەڵ شوێنەکە دەکرێت.