کۆمەڵی دادگەری لەکۆبوونەوەی گشتی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەم دەستپیبکات.
کۆمەڵی دادگەری، لەبڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ١٢/٤/٢٠٢٥ بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەی گشتیی كۆمەڵی دادگەری ئهنجامدرا و تێیدا چەند بڕگە و بابەتێكی هەنووكەیی گفتوگۆیان لەسەر كرا.
ئاماژە بەوەدراوە، سەۆکی کۆمەڵ سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێڕاق كرد كە لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەكدەنگ بوون و، داكۆكیی تەواویان كرد تاوەكو بخرێتە دەنگدانەوە، هەر لەو سۆنگەیەشەوە داوا لە سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەمان دەكات بە گیانی بەرپرسیارێتی و هەست بە ستەملێكراویی هەڵەبجە، دەنگ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدەن و، تێكەڵی كێشە و ململانێكانی نەكەن.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی جیددیی لەسەر دۆخی غەززە وەرگرتووە و ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە هاتووەتە ئارا بە هەموو پێوەرێكی ئایینی و مرۆیی كارەسات و ڕەشەكوژییەكی گەورەیە، کۆمەڵی دادگەری بەتوندیی ئیدانەی دەكات و، داوای پشتیوانیی بەپەلە بۆ خەڵكی غەززە دەكات.
لەو بڵاوکراوەیەدا ئاماژە بەوەشدراوە، پڕۆژەی ڕەشنووسی هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەی پێنجی كۆمەڵی دادگەری تاوتوێ كرا كە لەلایەن لیژنەیەكی سەركردایەتییەوە ئامادە كرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی پەسەند كرا و، لیژنەی ئامادەكارییش بۆ دەستپێكردن بە ئامادەكاریی بەستنی كۆنگرەی پێنج ڕاسپێردرا.
