عەبدولواحێد محەمەد
ئەوانەی هەڵوێستە و بە دواداچونیان بۆ هەواڵ و پێشهات و روداوەکان هەبووبێت، ئەکید ئەو راگەیاندراوە گرنگەی (جێمس بێکەر)ی وەزیری دەرەوەی وڵایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لەسەرەتای نەوەتەکانەوە بە بیردێتەوە ، لە دووتوێیەکەیدا، ئەوەی راگەیاند کە کار بۆ رۆهەڵاتی ناوەڕاستێکی تازە دەکەین، لەڕاستیدا ئەوە مانا و دلالاتێکی زۆری هەبوو، بەڵام ئەو دەم وا لێکدرایەوە، دەسەڵاتدارەکانی دەڤەرەکە دەم و چاویان ئەوەندە سوک و سواوە و ناشیرین بووە، کەڵکی حکومڕانیان پێوە نەماوە، پێویست دەکات بگۆڕدرێن، لە بری ئەوانە بچم و شکلی تازە بهێنرێتە پێشەوە، لە یەک کاتدا لە لایەک بۆ رازیکردنی خەڵک وهەڵمژینی رق و توڕەییان، لە لایەکیترگوایە ئەوانەی دێن ئەو دروشمانەی بەرزکراوەتەوە، وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێی دەکەن، ئیتر ئەو دەڤەرە پشودەدات وبێ کێشە دەژین.
بۆ ئەو ئەرکەش لە ئاشبەزی دواوەی پڕۆژەکە واتە بە نهێنی دوو دەوڵەت راسپێردرابوون، یەکەمیان سونە مەزهەب و باکوری وڵاتە عەرەبیەکانی پێ سپێردرابوو، ، ئەوەیتریش شیعە مەزهەب و رۆهەڵات و باشوری عەرەبی پێ سپێردرابوو، بۆ ئەو مەبەستە نەخشە ئەساسیەکەشیان خرابووە بەردەست، دروشمەکەش بەهاری عەرەبی بوو کە من لەسەرەتاوە باوەڕم پێی نەبوو، چونکە خوێندنەوەم بۆ ئەو داکەوتە هەبوو، لێشم ئاشکرا بوو، ئەمریکا ماقول نیە، ئەو هەموو سەر و سەودایە و ئامادەکاری و زەرەر و زیانە بکات، تەنها بۆ ئەوەی بێت، ئەو رژێمە ئێکسپایەرانە بڕوخێن، ئێمەمانان دڵنیابووین ئەوە دەپەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک بەرنامە و ستراتیجی دوور مەودا و درێژخایەن، بۆیە هەرزو ئەمن ناوم لێنا پاییزی عەرەبی، هەر واش دەرچو بەلکو خراپتریش، دوای ئەوە ماوەیەک بێدەنگی لێکرا تا دواجار لە سەرەتای ٢٠١١ەوە پایزەکە دەستی پێکرد، دیاریش بوو ئەوانەی رۆڵیان دەگێڕا، وڵاتی میسر و ئیخوانەکان و مورسیمان بینی هەروەها تونس و غەنوشیشمان بینی هەر لە درێژەیدا روداوە خوێناویەکانی لیبیا و سوریاشمان دیت، خەریک بوو پڕوشکەشی بگاتە جەزائیر، بەڵام زو لێی بە خۆکەوتن، لەولاشەوە یەمەنیشمان دیت چی بەسەرهات کێش هۆکار بوو، ئەکید لەوێ سەرکەوتنیان بهێنابا پەلیان بۆ شوێنیتریش دەهاویشت لە نیوەی رێگادا ، خاوەنی ئەسڵی پڕۆژەکە، واتە ئەمریکا ، بە ئاگا هات، لەوەی وابڕوات ئەو وڵاتە هەرێمیانە دەبنە دەمڕاست و دەسەڵاتداری دەڤەرەکە، ئەمریکاش لە بری قازانج بکات سەرمایەکەشی لەسەر دادەنێت، بۆیە هەموو جوڵە و بزاوتێکیان وەستاند و جۆرێک ستۆپیشیان بەو لایەنە هەرێمیانە کرد کە لە خزمەت جێبەجێکردنی نەخشە تازەکەی دەڤەرەکە بوون، چونکە لێی مەعلوم بوو ئەوانە کار بۆ خۆیان دەکەن، نەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و کوڕە تاقەنەکەی (ئیسرائیل).
ماوەیەکی باش بە دیار پڕۆژەکەیان قوڕ و قەپیان کرد، بەڵام لە ژێرەوە هەر خەریکی بنکۆڵ کردن و داڕشتنی سیناریۆیەکی تازە بوون، پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێت جێبەجێی بکەن، ئێستا وردە وردە نیشانەکان دەبینین، خەریکە پەردەکان هەڵدەماڵن و بە ئاشکرا نیاز و مەرامەکان دەخەنەڕو ، رۆژەک نەتانیاهۆ دێتە سەر ستەیج و دەڵێت نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین، رۆژەکیتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت و دەڵێت ئەمنیەتی ئیسرائیل چۆن بەرجەستە بێت ئەوە دەکەین ، لە رۆژنامە رۆژئاواییەکان و شرۆڤەکارەکانیشیان گەڕێ هەر رۆژە باس لە سیناریۆیەک دەکەن، هەموشیان لە یەک جۆگەلە دەکەنەوە، ئەویش لاواز و بێهێزکردن و دابەشکردنەوەی دەڤەرەکەیە،پاساوی ئاشکراشیان ئەوەیە، کۆمەڵێک نەتەوە و پێکهاتە لە و وڵاتانە هەن، بە درێژایی ئەم سەدەیە و سەدەی رابردوو، لە لایەن دەساڵاتدارەکانیانەوە چەوسێنراونەتەوە، لە سادەترین ماف بەهرەمەند نەبوونە، ئەوەش لەگەڵ بناماکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی پێکەوە ژیان نایێتەوە، دیوە شاراوەکەش دیارە بۆ چیە؟ بەو پێیە بێت و ئەوەی لە بن لێوانیش لە رابردوودا باسکراوە، ئێستاش لێرە و لەوێ دەوترێت، تەنها وڵاتە عەرەبیەکان لە ژمارە (٢٢)وە دەبێتە نزیکەی(٨٨) وڵاتۆکە، بۆ ئەوەی کەسیان توانای نقە لێوە هاتنیان نەبێت، هەموشیان وەکو ئیمارەتەکانی کەنداو پێویستیان بە زلهێزێک بێت بۆ ئەوەی بپارێزرێن.
لە راستیدا، ئەو مارداری کردنەی ئەمریکا و هاوئازەکانی لە خۆڕا نیە، ئامانج گەلێکی گەورەیان هەیە دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت بیکەن، ئەوەی من تێیگەیشتبم و خوێندنەوەم بۆی هەبێت، ئامانجە گەورە و گرنگەکە لەم دوو خاڵە چڕ دەبێتەوە:
١-نابێت مەترسی لەسەر ئیسرائیل هەبێت، بۆیە دیانەوێ ئەم نەخشەیەی دایانڕشتوە جێبەجێ بێت، بە کوردیەکەی لەم دەڤەرە کەس توانا خۆخوراندنی نەبێت.
٢-ئێستا ململانێیەکی توند لەگەڵ چین لە روی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازیەوە هەیە رەنگە لە ئایندەدا پەل بکێشێت بۆ سەربازییش، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ ئەوە بێت، ئەم دەڤەرە و ئاوە گەرمەکان لە ژێر کۆنترۆل دابن و بوار نەدرێت یاریکەریتر بیکەنە گۆڕپانی خۆیان.
ئەوەتا ئێستا بە ئاشکرا دەبینین فۆکس لەسەر هەندێک لە دەوڵەت و حکومەتە وەکو ئەوانە محەوەری شەڕ و سەری بەڵایەکە بن ، بەڵام من دڵنیام نۆرەی ئەوانیتریش دێت، تەنانەت ئەوانەشی بە حیساب لە ناو کایەکەش نەبوون و دۆست بوون، چونکە رۆژەک لە رۆژان نانی شوانیان خواردیە، دوا وتەشم لەم وتارەم بۆ کوردە ، چیتر وەکو نەعامە سەری خۆتان لە لمی بیابان مەشارنەوە، هێلکەکانیش مەخەنە سەبەتەی ئەم و ئەوەوە، بیخەنە سەبەتەی کوردی کوردیەوە، لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بە بیرهەموو لایەک بهێنمەوە جارێک خوا لێخۆشبوو مام جەلال وتی دەبێت لەگەڵ تەوژمە بەهێزەکە بڕۆین چونکە لەگەڵ نەبین بەشمان نابیت.
