وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر بۆ تاوتوێکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا گرنگە، دەشڵێت: “ئێمەش دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت لە سەقامگیری عێراقدا”.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، بۆ تاوتوێکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا گرنگە”.
وتیشی: “کۆبوونەوەکانی ڕابردووش ئەنجامی باشیان هەبووە، بۆیە جەخت دەکەینەوە دانیشتن و گفتوگۆ، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کێشەکان چارە بکەین”.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشکرد: “خواستی ئێمەیە لە گۆڕانکاریی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا، ئێمەش ڕۆڵمان لە سەقامگیریی عێراق هەبێت، لە پاڵ ئەمەشدا حکوومەتی فیدراڵ، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دەستوور بکاتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان”.
