د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە زیاد هاب ئەلریح، وەزیری ناوخۆی فەلەستین و شاندی یاوەری کرد و ڕایگەیاند، دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک، کە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د.لەتیف ڕەشید، بۆچونی وڵاتی له پشتیوانی لە فەلەستین و مافی گەلەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووپاتکردەوه.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت و ئاسایش و سەلامەتی ئەوان دەستەبەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە سەقامگیرکردنی بارودۆخی فەلەستین تاکە رێگایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فەلەستین سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار بۆ پرسی فەلەستین و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لەداکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین.

