جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری گه‌شتوگوزاری یۆنان كۆبووه‌وه و داوایكرد، یۆنان كارئاسانی بكات بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ده‌یانه‌وێت له بواری گه‌شتوگوزاردا له زانكۆكانی ئه‌و وڵاته‌دا بخوێنن.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له په‌راوێزی كۆڕبه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیی دێڵفی لە یۆنان له‌گه‌ڵ ئۆلگا كیفالۆیانی، وه‌زیری گه‌شتوگوزاری یۆنان كۆبووه‌وه و پێكه‌وه چۆنییه‌تی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و یۆنانیان له بواری گه‌شتوگوزاردا تاوتوێ كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، هه‌ردوولا دڵخۆشی خۆیان ده‌ربڕی به‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا ئاستی په‌یوه‌ندیی گه‌شتوگوزاریی نێوان هه‌رێم و یۆنان به‌ره‌وپێشچوونی باشی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به تایبه‌تیش له دوای ده‌ستپێكردنی گه‌شتی راسته‌وخۆی ئاسمانییه‌وه رێژه‌ی سه‌ردانكردنی گه‌شتیار له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رزتر بووه‌ته‌وه.
قوباد تاڵه‌بانی ڕوونیكرده‌وه، گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و به گرنگی زانی سوود له ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووی یۆنان وه‌ربگیرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا داوایكرد وڵاتی یۆنان كارئاسانی بكات بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه ده‌یانه‌وێت له بواری گه‌شتوگوزاردا له زانكۆكانی ئه‌و وڵاته‌دا بخوێنن.
له‌مباره‌یه‌وه وه‌زیری گه‌شتوگوزاری یۆنان ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ كارئاسانیكردن بۆ خوێندكارانی هه‌رێم.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ر له پێناو پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندیی گه‌شتوگوزاریی نێوان هه‌ردوو وڵات، قوباد تاڵه‌بانی بانگهێشتی ئۆلگا كیفالۆیانی كرد سه‌ردانی كوردستان بكات كه وه‌زیری گه‌شتوگوزاری یۆنان به خۆشحاڵییه‌وه بانگهێشته‌كه‌ی قبوڵ كرد و ڕایگه‌یاند، له نزیكترین ده‌رفه‌تدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.


