کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و هەڵوێستی نوێیان لەبارەی غەززەوە راگەیاند و دەڵین” بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بەرگریكردن لە ستەملێكراوان، لە هەرنەتەوە و نەژاد و ئایینێك بن، ئەركێكی ئینسانی و ئیسلامی و ئەخلاقیی ئێمەیە”.
ڕاگەیەنراوی هاوبەشی کۆمەڵی دادگەریى و یەکگرتووى ئیسلامی:
بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان سەبارەت بە كۆمەڵكوژییەكانی غەزز
لیژنەی هاوبەشی نێوان یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ساز كرد سەبارەت بە وەرگرتنی هەڵوێست بەرامبەر تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی ڕژێمی داگیركەری زایۆنی دژ بە خەڵكی غەززە.
بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێكە هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر كەرتی غەززە درێژەی هەیە و هێزەكانی سوپای داگیركەری زایۆنی بەشێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو و بە دڕندانەترین شێوە، بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی خەڵكی بێ دفاع و ژن و منداڵ و شوێنەگشتییەكانی وەكوو نەخۆشخانە و قوتابخانە و مەڵبەندەكانی پەنابەران و ئاوارەكان و شوێنە ئایینییەكان و هەموو هۆكارێكی ژیان و شارستانیی كەرتی غەززە.
وێڕای سەپاندنی گەمارۆ و قەدەغەكردنی گەیشتنی ئاو و خۆراك و دەرمان و هاوكارییە مرۆییەكان، مەخابن لەم ماوەیەدا كۆمەڵكوژییەكە پێی ناوەتە قۆناغ و دۆخێكی زۆرمەترسیدارەوە.
ئێمە وەك هەمیشە، وەكوو ئەركێكی ئایینی و مرۆیی، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییانە دەكەین كە سوپای داگیركەر ئەنجامی دەدات، كە پێشێلكردنی ئاشكرای هەموو یاسا و ڕێسایەكی ئاسمانی و مرۆییە.
هەروەها ئیدانەی ئەو پشتیوانییە دارایی و لۆجستییە دەكەین كە دەوڵەتانی زلهێز لە داگیركەری دەكەن، كە بەبێ پشتیوانیی ئەوان، ناتوانێ ئەو پێشێلكارییە نامرۆڤانانە ئەنجام بدات.
لەڕاستیدا ئەوەی كە لە غەززە ڕوو دەدات، تەنیا شەڕ و كێشەیەكی چەكداری و سیاسیی نێوان دوو لایەن نییە، بەڵكو گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە كە بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێدەنگی و بێهەڵوێستیی دامەزراوەكانی پەیوەندیدار بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت.
لێرەدا جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكان، بە زووترین كات هەموو جۆرە گوشارێكی پێویست بخەنە كار، بۆ ڕاگرتنی ئەو كۆمەڵكوژییە و كردنەوی دەروازەكانی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بەشێوەیەكی فراوان بۆ خەڵكە ئاوارەكە، هەروەها ڕێگرتن لە پیلان و هەوڵەكانی ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتوانەكەی.
ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بەرگریكردن لە ستەملێكراوان، لە هەرنەتەوە و نەژاد و ئایینێك بن، ئەركێكی ئینسانی و ئیسلامی و ئەخلاقیی ئێمەیە وەكوو خەڵكی كوردستان، كە ساڵانێكی زۆر خۆمان گیرۆدەی ستەم و تاوانی كۆمەڵكوژی و ڕاگواستن بووین، بۆیە لە هەموو لایەك زیاتر هەست بە ئێش و ئازاری لێقەوماوان دەكەین و بە هەموو توانایەك ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانییەكین وەك ئەركێكی ئیسلامی و ئەخلاقی و ئینسانیی خۆمان بۆ خەڵكی ستەمدیدەی غەززە.
لەو پێناوەدا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، هەرچی زووترە سنوورێك بۆ ئەو كۆمەڵكوژی و گەمارۆ زاڵمانە دابنێن و بەپێی بڕیارەكانی دادگای تاوانەكان و لێبوردنی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی جیدی دەست پێ بكرێت و ئیجرائاتی پێویست دەرهەق بە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام بدرێت.
جارێكی تر زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو بێهەڵوێستی و بێدەنگییە گوماناوییە دەكەین كە ناگونجێت لەگەڵ بەهاو پێوەرەكانی مافی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان، داوا دەكەین دەستبەجێ كۆتایی بەو مەرگەساتە بهێنرێت كە بەرامبەر خەڵكی بێ دیفاعی غەززە ئەنجام دەدرێت.
هەروەك چۆن لە ڕابردوو هەردوولا پشتیوان و هاوسۆز و هاوكار بوون بۆ دۆزی ڕەوای فەلەستین و دانیشتوانی كەرتی غەززە بە ماددی و مەعنەوی. هەر
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە لە ڕۆژانی داهاتوو زنجیرەیەك چالاكیی هاوبەش لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
9-4-2025
