جیهان هەڵوێستیان لەسەر باجەکانی ترەمپ ڕاگەیاند

باجی نوێی بەرفراوان کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بەسەر هاوردەکردن بۆ ئەمریکادا سەپێندرا، وڵاتانی جیهانی کردە ئامانج، ئەمەش گورزێکی گەورەی لە سیستەمی بازرگانی جیهانی لە ماوەی دەیان ساڵدا دا.

ئەم باجانە وای لە هەندێک وڵات کرد کە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگرنەبەر، هەندێکی تریش هەوڵیان دا دانوستان بکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی باج.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ئەمانەی خوارەوە کاردانەوەی 10 گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە بەرامبەر بە باج تا ئێستا.

یەکێتی ئەوروپا

یەکێتی ئەوروپا کە لە 27 وڵات پێکهاتووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا یەکەم کۆمەڵە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی خۆی دەخاتە ڕوو، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە باجەکانی ئەمریکا لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم.

کۆمەڵەکە پێشنیارەکانی سەرەتایی نەرم کردووە، بۆ نموونە ویسکی بۆربۆنی ئەمریکی لە لیستەکەدا لابردووە و گرێبەستێکی باجی “سفر بەرامبەر سفر”ی پێشکەش بە واشنتۆن کردووە.

ئەمریکا و چین

پەکین لە وەڵامدا بە سەپاندنی باجی هاوشێوەی 34% لەسەر هاوردەکردنی ئەمریکا و سنووردارکردنی هەناردەکردنی هەندێک توخمە زەوییە دەگمەنەکان و زیادکردنی 11 قەوارەی دیکەی ئەمریکی بۆ لیستی “کیانەکانی متمانەپێنەکراو”ی خۆی، کە ئەمەش ڕێگە بە پەکین دەدات سزا بەسەریاندا بسەپێنێت، هاوکات هەرئەمڕۆش بڕیاری بەرزکردنەوەی باجی بەسەر کۆمەڵێک کاڵای ئەمریکی بۆ لەسەدا 84 بەرزکردەوە و هەر لەمڕۆشەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک بەڵێنیشیدابوو “تاکۆتایی شەڕ بکات”دژی باجەکان.

مەکسیک

مەکسیک لە لیستی باجەکانی جیهانی ترەمپ دوورخرایەوە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی چەندین باجی پێشوەختە دەبێتەوە. هێشتا لەسەدا 25ـی باجی ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێل و پۆڵا و ئەلەمنیۆم هەیە، هەروەها لەسەر ئەو کاڵایانە کە پابەند نین بە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکوورەوە کە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا لەخۆدەگرێت.

کەنەدا

لە 6ـی ئازاردا، کەنەدا، 25%ی باجی گومرگی بەسەر 30 ملیار دۆلاری کەنەدی (21 ملیار دۆلاری ئەمریکی) هاوردەی ساڵانەی ئەمریکا سەپاند وەک تۆڵەی باجی سەرەتایی ترەمپ، هەروەها 25% باجی لەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکانی دیکە بە بەهای 29.8 ملیار دۆلاری کەنەدی وەک تۆڵەی باجی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی واشنتۆن سەپاند.

باجی نوێی ئۆتۆمبێل کە لە 3ـی نیساندا ڕاگەیەندرا، بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە بەهای 35.6 ملیار دۆلار دەگرێتەوە.

ئەڵمانیا

بەرلین دەڵێت بازاڕی یەکێتی ئەوروپا کە 450 ملیۆن بەکارهێنەری تێدایە، توانای دانوستان لەگەڵ ترەمپ و دوورکەوتنەوە لە شەڕی بازرگانی دەدات.

هەروەها بەرپرسانی حکومەت داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد کە ڕێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک مەکسیک، کەنەدا و هیندستان بەهێز بکات.

ژاپۆن

تۆکیۆ هیچ پلانێکی نییە بۆ گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێکی بەرپەرچدانەوەی، بەڵام تیمێک دەنێرێت بۆ دانوستان لەسەر ئیمتیازات لە ئەمریکاوە، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن شیگێرو ئیشیبا وەزیری ئابووری ڕیوسی ئاکازاوای هەڵبژارد بۆ ئەوەی وەک دانوستانکارێک کاربکات بۆ کارکردن لەگەڵ سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە دانوستانەکانی بازرگانی دوولایەنەدا، ئیشیبا ئاماژەی بەوەشکرد، بیر لە سەردانێکی نوێ بۆ ئەمریکا دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.

کۆریای باشوور

تا ئێستا هیچ وەڵامێک لە سیئۆلەوە نەدراوەتەوە، بەڵام هان داک سو سەرۆکی بە وەکالەت فەرمانی داوە ڕێوشوێنی پشتیوانی بەپەلە بۆ کۆمپانیا زیانلێکەوتووەکان، لەنێویاندا کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل، هەروەها بەرپرسێکی باڵای ڕەوانەی واشنتۆن کردووە بۆ ئەوەی هەوڵی دانوستان بدات.

تایوان

تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوان پێشنیاری سیستمی سفری گومرگی لەگەڵ ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، تایوان باجی تۆڵەسەندنەوە ناسەپێنێت، هەوڵ دەدات هاوردەکردن لە ئەمریکاوە بەرز بکاتەوە و بەربەستە نا گومرگییەکان لاببات.

ڤێتنام

تو لام، ڕێبەری باڵای ڤێتنام، ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی باجەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ، پێشنیاری هەڵگرتنی باج لەسەر کاڵا ئەمریکییەکانی کرد. ڤێتنام کۆمەڵێک ئیمتیازاتی پێشکەش کرد، لەوانە بەڵێندان بە هاوردەکردنی کاڵای ئەمریکی زیاتر و پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیای ستارلینکی ئیلۆن ماسک بە مەرجی ئیمتیازات. ڕێکخراوی ترەمپ وەبەرهێنان لە دامەزراوەکانی گۆڵف لە ڤێتنام دەکات.

بەریتانیا

حکومەتەکەی کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ ئەمەریکا لە گفتوگۆدایە لەسەر ڕێککەوتنێک کە ڕەنگە ئەو باجە لەسەدا 10یەی بەسەریدا سەپێنراوە کەمبکاتەوە.

هاوکات ڕاوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکات سەبارەت بە پێویستی باجی بەرپەرچدانەوە و ڕێوشوێنی دژە دامپینگ لە وڵاتانی دیکەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی پتەوتر بکات.

هیندستان

هیندستان پلانێکی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی ئەمریکا دانەناوە و ئامانجی دانوستانە بۆ ڕێککەوتنی بازرگانی دوولایەنە لەگەڵیدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر زیاتر لە نیوەی هاوردەکردنی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە.

جگە لەوەش گفتوگۆ لەگەڵ بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بەردەوامە.

هۆڵەندا

هۆڵەندا کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی کشتوکاڵی جیهان و شوێنی گەورەترین بەندەری دەریایی ئەوروپایە، جەختی لەسەر پێویستی وەڵامدانەوەی هێمن و ڕێژەیی بەرامبەر بە باجەکانی ئەمریکا کردەوە و هۆشداریشیدا لە بەرزبوونەوەی باج.

ئێرلەندا

بەهۆی ئەوەی ئابووری ناوخۆی وڵاتەکەی زۆر پشت بە کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی دەرمان و تەکنەلۆژیای ئەمریکی دەبەستێت، دبلن داوای وەڵامدانەوەی “ئارام و پێوانەکراو”ی کردووە و هۆشداری داوە بە برۆکسل لە بەکارهێنانی یاسای ئابووری دژە زۆرەملێ.

ئیتاڵیا

ڕۆما هۆشداری دا لە بەرامبەر گومرگ بۆ کەمکردنەوەی زەبری ئابووریی، هاوکات داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد ڕێگە بە وڵاتانی ئەندام بدات خەرجییەکان زیاد بکەن بەبێ ئەوەی ڕێسا داراییەکانی کۆمەڵەکە پێشێل بکەن.

فەرەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای وەڵامدانەوەی پتەوی یەکێتی ئەوروپای کرد، کە لەوانەیە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی ئەمریکاش لەخۆ بگرێت، لەلایەنی ناوخۆییەوە داوای لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرد کە پلانی وەبەرهێنانیان لە ئەمریکا ڕابگرن تا دۆخەکە ڕوونتر دەبێتەوە.

بەڕازیل

کۆنگرێسی بەڕازیل وەڵامی باجەکانی ترەمپی دایەوە و بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەک کە ڕێگە بە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی بازرگانی دەدات.

سەرۆک لویس ئیناسیۆ لولا نۆ دا سیلڤا ڕایگەیاند، هەر ڕێوشوێنێکی بەرپەرچدانەوە لەسەر بنەمای ئەم یاسایە دەبێت.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری جیرالدۆ ئالکمین جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ گفتوگۆدایە و بۆ ئێستا پەنا بۆ بڕگەکانی یاسا نوێیەکە نابات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە