سەرۆک وەزیرانی هەرێم ناسنامەیەکی تایبەت بە ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش دەبەخشێت و دەڵێت”ئەم ناسنامەیە فەرمییە و بەکاردێت”.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریداوە ناسنامەیەکی تایبەت بە رزگاربووە ئیزدییەکانی دەستی داعش دروستبکرێت و وەک ناسنامەی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم کاری پێبکرێت.
ڕۆژی دووشەممە، بەخشینی دارایی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەر ئێزدییانی ڕزگاربووی دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەستپێکرد و ماوەی 8 مانگە، 3 هەزار و 575 ڕزگاربوو ئەم بەخشینە وەردەگرن.
بەپێی میدیای پارتی، ئێزدییانی ڕزگاربوو بە بڕیاری مەسرور بارزانی، بوونەتە خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت، وەکو بەڵگەنامەیەکی فەرمی بەکار دێت و لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا دەتوانن بەکاری بهێنن و ئاسانکاریی کاروبار و مامەڵەیان بۆ دەکرێ.
بەخشێنەکە هەموو ئەندامانی خێزانی ڕزگاربووی گرتووەتەوە و تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن هاوكارییەكانیان پێ دەگات.
