وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرانی هاتووچۆی پارێزگا و ئیدارەکانی ڕاسپارد دەست بگرن بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێکدا کە دەستکاری دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات.
لیژنەی باڵای پەرەپێدانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ئامادەبوونی دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و بەڕێوەبەری هاتووچۆکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی بەشی مۆڵەت و سەرپەرشتیارانی هۆبەکانی مۆڵەتی شۆفێری، کۆبوونەوە.
بابەتی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و سەلامەتی ڕێگاوبان بەسەر هەموو شوفێران و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن و پابەندی پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەرانی شەقام نابن.
هەروەها گفتوگۆ بەتایبەت لەسەر بابەتی هەبوونی ماتۆرسکیل لە سەرشەقامەکان و بەکارهێنانی بۆ گەیاندنی خواردن کرا، باس لەوە کرا کە ڕێکەوتن کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کە دەست بکەن بە تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و هێنانی ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرانی هاتووچۆی پارێزگا و ئیدارەکان ڕاسپێردران کە دەست بگرن بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێک کە دەستکاری دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات، هەروەها ئەو ماتۆڕسوارانەی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکەن و سەرکێشی دەکەن، هەر ماتۆڕسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
کۆبوونەوە داوای لە هاووڵاتیان کرد کە هەماهەنگ بن و هاوکاری حکومەت بن لە کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا و ئەو مەترسیانەی دروستی دەکەن لە ڕێی تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان و بەکارنەهێنانی ماتۆڕی بێ سەرەتا.
داواش لە دایکان و باوکان کرا چاودێری منداڵەکانیان بکەن و ڕێگا نەدەن کەس بە ماتۆڕی تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکات و ژیانی خۆی و خەڵکی دیکە بخاتە مەترسی. ئەو جۆرە دیاردانە بە توندی مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکانیان دا دەگیرێت.
هەروەها کۆبوونەوە جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەت و کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کردەوە کە پێویستە پابەند بن بەو ماوەیەی بۆیان دیارکراوە لە تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان و هێنانی ماتۆڕی کارەبایی، بە پێچەوانەوە دەست دەگیرێ بەسەر ماتۆڕی تۆمار نەکراو و بێ تابلۆ.
کۆبوونەوە جارێکی دیکە ئاگاداری کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن دەکاتەوە کە پێویستە ماتۆڕسوارەکانیان پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و خێرایی ڕێگەپێدراو. هەر ماتۆڕسوارێک لە خێرایی رێگاپێدراو زیاتر شۆفێری بکات و لە کامێراکان تۆمار بکرێت، کۆمپانیای گەیاندنی خواردن ناچار دەکرێت سزای دارایی بدات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە باس کردن بوو لە دەستکەوتەکانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بوونەتەوە هۆی کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و مردن و بریندار بوون. وەزارەت پابەندی خۆی بە دامەزراندنی کامێراکان لە هەموو کوردستان کردەوە و پڕۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە. بۆ ئەم مەبەستە داوا کرا هاووڵاتیانی خۆشەویست لە پێناوی سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان، پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و سەرپێچی و سەرکێشی نەکەن و لە خێرایی ڕێگە پێدراو شۆفێری بکەن.
تەوەری دیکە تایبەت بوو بە سیستەمی نوێی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی شۆفێر کە چووەتە بواری جێبەجێکردن.بەمەبەستی ئامادەکردنی شۆفێرێکی سەلامەت، پێویست وایە هەموو پێشکەشکارێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری یەکەمجار، بەشداری لە خولەکانی فێربوونی شوفێری بکات بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی بۆ ئەوەی کە دەبێتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری و دەچێتە سەر شەقام، ببێتە شۆفێرێکی خاوەن زانیاری یاسایی و بەئاگا و هۆشیار. بەم جۆرە شۆفێر دەتوانێت باشتر خۆی لە کارەسات بپارێزێ و رێز لە مافەکانی خۆی و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام بگرێت. کۆبوونەوە بەڕێوەبەرانی هاتووچۆی ڕاسپارد کە دەست بکەن بە دابەشکردنی فۆڕم بۆ پێشکەشکارانی مۆڵەت و لە هەر شوێنێک پێداویستی بۆ دەستپێکردنی سیستمەکە هەیە، بە پەلە پێداویستییەکان دابین بکرێن. کۆبوونەوە سیستمی نوێی پەروەردەکردنی شوفێری بە دەستکەوتێکی گرنگ زانی و لیژنەکانی چاودێری پڕۆسەکەی ڕاسپارد کە هاوکار بن و چاودێری جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن وەکو ئەوەی پلانی بۆ داندراوە و لە هەردوو ڕێنمایی ژمارە ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ی وەزارەتی ناوخۆ باس کراوە.
