وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، 25 بەنداو و 103 پۆند دروستكراون و 12 بەنداوی دیكە و 56 پۆند لەژێر جێبەجێ كردندان و دەشڵێت: لە ٣٠٪ـی ئاوی عێراق لە هەردوو بەنداوی ستراتیژی دوكان و دەربەندیخاندایە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دوو بەنداوی ستراتیژیمان هەیە، کە دووکان و دەربەندیخانن و لە ٣٠٪ـی ئاوی عێراق لەو دوو بەنداوەن.
ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان و عیراق کەوتوونەتە بەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کاری کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە جیهانییە.
وتیشی، “ئەو پەرۆشییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە عێراق نایبینم، کەمتەرخەمییەکانیش وا دەکەن عێراق بەرەو بیابان بوون بچێت، ئەمەش کار دەکاتە سەر دانیشتووانەکەی و لەدەستدانی ئاسایشی خۆراک، کە لە کۆتاییدا تێکچوونی زۆنی عێراق کاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت”.
ئاشكراشی كرد، ئێستا لە هەرێمی كوردستان 25ی بەنداوی تەواوكراو هەن، كە دەتوانێت ئاو گل بداتەوە و 103 پۆندیش دروست كراون و 12 بەنداو و 56 پۆند لەژێر جێبەجێ كردندان و هەروەها پێشنیاری 42 بەنداو و 46 پۆندی نوێ كراوە.
