سامسۆنگ بە فەرمی دەستیکرد بە خستنەگەڕی نوێکاری One UI 7ی ئەندرۆید 15 بۆ ژمارەیەک لە ئامێرە سەرەکییەکانی، ئەمەش دوای نزیکەی شەش مانگ دواکەوتن بەسەر هەنگاوێکی هاوشێوە لەلایەن گوگڵەوە.
ئێستا نوێکردنەوەکە بۆ زنجیرەی گالاکسی ئێس 24 بەردەستە کە وەشانی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت، هەروەها وەشانی پڵەس و ئەلترا، کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی نوێکارییەکە بۆ بەکارهێنەرانی لە ژمارەیەک وڵاتدا.
کێشی نوێکردنەوەکە نزیکەی 5.2GBە بۆ ئەوانەی لە One UI 6.1.1ەوە دەچنە One UI 7.0.
هەروەها نوێکردنەوەکە لە گالاکسی زی فۆڵد 6 و گالاکسی زی فلیپ 6 بڵاوکرایەوە.
وابڕیارە سامسۆنگ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەودای ئەو ئامێرانە فراوانتر بکات کە نوێکارییەکە وەردەگرن و Galaxy S24 FE و تابلێتی Galaxy Tab S10ش لەخۆدەگرێت.