مایکرۆسۆفت چۆن خزمەت بەئیسرائیل دەکات؟
کارمەندێکی مەغریبی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە بۆنەیەکی تایبەتدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگەکانی ٥٠ ساڵەی تەمەنی مایکرۆسۆفت بەرامبەر خاوەن و بەرپرسانی کارەکەی هاواری کردوو و نهێنییەکی گەورە و قێزەونی ئاشکرا کرد، کە دەرهەق بە فەلەستینییەکان و غەززە دەکرێن، ئەو بە بەرپرسی کۆمپاناکەی وت؛ خوێنی غەززە لە دەستەکانت دەچۆڕێت… شەرمەزاریت.
لە ڕۆژێکی ئاساییدا لە بارەگای سەرەکی مایکرۆسۆفت، لە کاتی ئاهەنگەکانی ٥٠ ساڵەی کۆمپانیا زەبەلاحەکەی تەکنەلۆژیا، لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٥، کەس پێشبینی نەدەکرد بێدەنگی هۆڵی بۆنەکان بەهۆی دەنگێکی تووڕە و ناڕەزایەتییەوە بشکێت.
ئیبتیهال ئەبو سەعد، ئەندازیاری نەرمەکاڵای مەغریبی کە کار لەسەر تیمی زیرەکی دەستکردی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەکات، ڕووبەڕووی مستەفا سلێمانی بەڕەچەڵەک سووریی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەریتانیای بەشی زیرەکی دەستکردی مایکرۆسۆفت بووەوە، پێی وت: “شەرمەزاریت!”.
ئیبتیهال بەرامبەر جەماوەرێکی زۆر لە کارمەندان و ڕۆژنامەنووسان و بازرگانان هاواری کرد: “ئێوە بانگەشەی ئەوە دەکەن AI بۆ هەمیشە بەکاردەهێنن، بەڵام مایکرۆسۆفت چەکی AI بە سوپای ئیسرائیل دەفرۆشێت”، “٥٠ هەزار کەس کوژراون، مایکرۆسۆفتیش بەشدارە لەو جینۆسایدە”.
ئیبتیهال وتی “ئێوە شەڕخوازن، واز لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ ئەنجامدانی جینۆساید لە ناوچەکەمان بێنن”.
📹 الموظفة المغربية في شركة #مايكروسوفت، ابتهال أبو سعد، تهاجم الرئيس التنفيذي للذكاء الاصطناعي في الشركة، سوري الأصل مصطفى سليمان، تنديداً بتوفير تقنيات الذكاء الاصطناعي لجيش الاحتلال الإسرائيلي، لاستخدامها في الإبادة الجماعية في #غزة. pic.twitter.com/eAcX8GtAB2
— عربي بوست (@arabic_post) April 4, 2025
دوای ئەم دۆخە، بەخێرایی دەستوەردانکرا بۆ دوورخستنەوەی ئیبتیهال، لە کاتێکدا مستەفا سلێمان بە زەردەخەنەیەکی شەرمەزارییەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەی دەدا، بەڵام ئیبتیهال بەردەوام هاواری دەکرد: “خوێن لەسەر دەستەکانتە، مایکرۆسۆفت دەستی هەیە لە خوێندا، چۆن بوێری ئاهەنگگێڕانتان هەیە؟ شەرمەزاریت”.
مایکرۆسۆفت چۆن پشتیوانی سوپای ئیسرائیل دەکات؟
لە ٢٣ی ١ی ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە تیشکی خستە سەر بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان و بەوردی باس لەوە دەکات، چۆن ئیسرائیل کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی لەهەوڵە جەنگییەکانیدا دژی کەرتی غەززە یەکخستووە، بۆ دابینکردنی خواستی پەرەسەندنی تۆڕەکانی کەرەستەی زیرەکی دەستکرد.
پەیوەندییە نزیکەکانی مایکرۆسۆفت لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرا بوو، کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە هاوکاری گۆڤاری ئیسرائیلی +972 و ماڵپەڕی “کال”ی عیبری ئەنجام دراوە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامانەی کە درۆپسایت نیوز دەستی کەوتووە.
بەڵگەنامەکان ئاشکرایدەکەن؛ پشتبەستنی سوپای ئیسرائیل بە تەکنەلۆژیا بەرزەکانی مایکرۆسۆفت و سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە چڕترین قۆناغی بۆردومانی غەززەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
بەڵگەکان، تێڕوانینێک دەدەن بۆ ئەوەی کە چۆن مایکرۆسۆفت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لەدوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ چەسپاوترکردووە، بەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەکنەلۆژیای بەرز و هەڵگرتنی داتای زیاتر بۆ سوپای ئیسرائیل و ئەنجامدانی گرێبەستێک بە بەهای لانیکەم ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ پێشکەشکردنی هەزاران کاتژمێر پشتگیری تەکنیکی.
بەپێی ڕۆژنامەکە، سوپای ئیسرائیل، بەئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە، پشتی بە تەکنەلۆژیاکانی مایکرۆسۆفت بەستووە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل بە تەواوی ئەرکەکانی پەیوەست بە پڕۆژە زۆر نهێنی و هەستیارەکانی بە کۆمپانیاکە سپاردووە.
لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥، ئەسۆشێتد پرێس لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا پشتڕاستیکردەوە “تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد کە لەلایەن مایکرۆسۆفت و ئۆپن ئای پەرەی پێدراوە لە بەرنامەیەکی سەربازی ئیسرائیلدا بەکارهێنراون بۆ هەڵبژاردنی ئامانجەکانی بۆردومانکردن لە غەززە و لوبنان”، ئەمەش شەپۆلێکی توڕەیی لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمپانیاکە لێکەوتەوە.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بە “هێرشێکی هەڵەی ئاسمانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٣” کردووە، کە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کچ و داپیرەیان لە باشووری لوبنان کوژراون.
لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە، داتا و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئێستاو پێشووی ئیسرائیل بووە، کە سێ ئەفسەری هەواڵگری یەدەگیان تێدایە، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ کارمەندانی ئێستا و پێشووی کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت و ئۆپن ئای و گووگڵ و ئەمازۆن کراوە.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەبازدانێکی بەرچاو لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەو دوو کۆمپانیایە لەلایەن ئیسرائیلەوە کردووە.
مایکرۆسۆفت و ئۆپن ئای لە٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەشدارن لەم چالاکییانەدا، ئاژانسەکە لەزاری ئەفسەرێکی هەواڵگری ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، “ئەفسەرە گەنجەکان فشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی بە خێرایی ئامانجەکان بدۆزنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێ کات هەڵە ڕوو بدات”.
ئیسرائیل چۆن زیرەکیی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ کوشتن بەکاردەهێنێت؟
لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژنامەی گاردیەن و گۆڤاری ئیسرائیلی +٩٧٢ و ماڵپەڕی “کال”ی عیبری و ئەسۆشێتد پرێس، دەرکەوتووە؛ خزمەتگوزاری تۆڕەکانی Azure و بەرهەمەکانی تری مایکرۆسۆفت بۆ یەکە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە دامەزراون، لەوانە یەکەی ٨٢٠٠ کە تایبەتە بە هەواڵگری ئەلیکترۆنی و یەکەی ٨١ کە پەرە بە تەکنەلۆژیای سیخوڕی دەدات، لەگەڵ یەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری.
چالاکییەکانی پشتیوانی کە لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە پێشکەشکراون بریتی بوون لە:
– بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی Azure بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی یەکەی هەواڵگری سەربازی و بەرزبوونەوەی بێ وێنەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ مەبەستی سەربازی و هەواڵگری.
– بەشداریکردن لە کارپێکردن و پاراستنی سیستمی ڕۆڵنگ ستۆن، کە بەکاردێت بۆ بەدواداچوون و جموجۆڵی فەلەستینییەکان لەکەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە.
– یەکەی “ئاسۆیی”ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ژێرخانی تەکنیکی خۆی لەڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندی و ئیمەیڵی مایکرۆسۆفتەوە بەڕێوەدەبات، بۆ بەڕێوەبردنی “پاشخانە ئامانجدارەکان” بۆ بۆردومانکردن.
– دابینکردنی ئامرازی زیرەکی دەستکرد بۆ سوپای ئیسرائیل و کارپێکردنی سیستەمی ئۆفلاین.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا دەستکەوتوون؛ لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی شەڕدا، بەراورد بە ماوەی پێش خۆی، بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە زیادیکردووە.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە؛ مایکرۆسۆفت وەک “هاوبەشێکی متمانەپێکراو”ی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، ڕێگەیداوە دەستی بگات بەو مۆدێلەی “GPT-4” کە لەلایەن OpenAI پەرەی پێدراوە، کە بەم دواییە سیاسەتی هاوکارییەکانی لەگەڵ دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان گۆڕی.
لەلایەکی دیکە، سێ سەرچاوەی هەواڵگری هەماهەنگی ئەمازۆن و سوپای ئیسرائیلیان بە “بەتایبەت و زۆر نزیک” وەسف کردووە، بەوپێیەی کۆمپانیای ئەمازۆن کلاستەرێکی سێرڤەری بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل دابینکردووە بۆ هەڵگرتنی زانیاری هەواڵگری بەرفراوان بۆ هاوکاریکردنی سوپا لەشەڕدا.
ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو بڕە زۆرەی زانیاری هەواڵگری کە لەڕێگەی چاودێریکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە کۆدەکرێتەوە ناتوانرێت تەنها لەسەر سێرڤەرە سەربازییەکان هەڵبگیرێت، ئەمەش سوپای ئیسرائیل ناچار دەکات ڕوو لە خزمەتگوزارییە بێهاوتاکان بکات کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیاوە پێشکەش دەکرێن.