کاتێک تۆ بەوپەڕی ئیسراحەتەوە بەئەمیرو بانگخوازو ئایکۆنێکی ئیسلامی دەڵێیت ئەی خۆت بۆ ناچی بۆ جیهادی غەززەییەکان و لەوێ بمری و شەهید بیت، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیەو پێچراوە لە تۆمەت و ڕقلێبوونەوە لە ئیسلامیەکان نەک دڵسۆزیی و خۆشەویستی بۆیان.
ئینجا هەر ئەو جۆرە نەفەسە ڕەخنەییە، ئەگەر گەنجە موسوڵمانە کوردەکان و بانگخوازەکانیان دیبایە، کە ئامادەن بچن بۆ ئەو جەنگ و جیهادو غەزایە، دیسان هەر ڕەخنەی ئەو دۆخەیان ئەگرت و دەیانوت خۆمان خاوەنی سەدکێشەین و پێویست ناکات بچین بەهانای هیچ نەتەوەیەکی ترەوەو گەنجی کورد بکەین بەسوتەمەنی جەنگی خەڵکانی تر.
برام، ئیسلامیەکان تەنها نزاو هاوسۆزییان هەیە بۆ قودس و غەززەو ئازارو ژانی موسوڵمانان و ڕابوونی ئیسلامی، ئەوە بەشێکە لە بڕواو عەقیدە، ناتوانی بەئاسانی دەستکاری بکەیت، حەق نییە ئەوەندە سنوری ئازادی و بیرکردنەوەکانیان بەرتەسک بکەنەوە، چوون و نەچوونی سەرکردەو بانگخوازو موفتی ئاینی بۆ بازنەی جەنگ یەک شتە بۆ موسوڵمانی کورد، چونکە جەنگەکە نابەرابەرە سەخت و قاسییە، بەڵام ئەوە بزانن هێشتا غەززەییەکان خاوەنی نمونەیەکی باڵان لە ئیرادەی بەرگری و شکۆمەندیی، دەبێ کورد ئاوا خاکی خۆی خۆش بوێ و پەندیان لێ وەرگرێ و قوربانی بۆ بدات بەڕۆح و ماڵ نەک بەکڕینی پاسپۆرتی بیانی.
تۆ کاتێک موتڵەقەن پێت وایە دەبێ موسوڵمانی کورد فرمێسک نەڕژێ و هاوارنەکات لە میمبەرو یەکسەر فەرزی بکەیت بڕوات لەو بازنەیە شەهیدبێت، دەی تۆش دەبێ سبەی تەحەمولی ئەوە بکەیت هەزاران گەنجی موجاهیدی عەرەبی و تورکی و پاکستانی و یەمەنی و ئەفغانی و تاجیکی و چیچانی، بێن بۆ کوردستان بۆ پشتگیری براکانیان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا.
ئێمەی کورد هیچ نەبووە خەریکە دۆزەکەمان لەدەست ئەدەین و ئیرادەمان بەجارێ لاوازبووە بۆ بەرگریکردن لە خاک و دەستخستنەوەی مافەکانمان لە عێراقێکی فاشی مەزهەبی هاوشێوەی سیاسەتی نابەرابەری واشنتۆن و تەلئەبیب، بۆیە لەبری قسەی بێ جێ و ڕێ، گرنگە ئینتیماو ئیرادەو نەبەزین فێربین لەخاکی خۆماندا.
ئاسۆ عەبدوللەتیف