پ . د. سەعید عەلی محەمەد
لەساڵی ١٩٧٣ وەو بۆ ماوەی نیو سەدە ڕژێمە خوێنڕێژە دیکتاتۆرەکەی ئەسەد دیوارێکی بەهێزو مەحکەمی پارێزەری سنوورەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیی بوو، هەموان دەزانن بەدێژایی ئەو ماوە هیچ جۆرە پێشێلکاریەک و دزەکردنێکی ئەمنیی ڕووی نەداوە دژی ئەو قەوارە زایۆنییە داگیرکەرە، سنورەکانی دەوڵەتی داگیرکەر لەگەڵ سوریادا هێمن ترین و ئارامترینی بەرەکان و سنوورەکان بووە ! بەڵام دوای ئەوەی ئەو دیوارە درزی تێکەوت و ڕووخا بەهۆی شۆرشەکەی گەلانی سوریاوە لەساڵی ٢٠١١ وە تا لەگۆڕنانی ڕژێمەکە، قەوارەی داگیرکەر دەستی کردووە بە داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی خاکی سوریاو، ڕۆژانەش بەردەوام فڕۆکەخانەو بنکەو دامەزراوە سەربازیی و مەدەنیەکانی ئەو وڵاتە بەئامانج دەگرێ و بۆردومانیان دەکات !
١ — لەترسی ئەوەی نەبادا ئەو دامەزراوە سەربازیانە ببنە مایەی بەهێزکردنی توانا سەربازیەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و، لەداهاتوودا ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەتی جولەکە.
٢ — هێنانە کایەی بارودۆخێک کە دیمەشق ناچار بکات ڕازی ببێ بەهەر مەرج و داواکاریەک کە تەلئەبیب لە هەر دانوستانێکی دووقۆڵی داهاتوودا بیەوێ فەرزیان بکات بەسەرسوریادا!
٣ — ناشیرین کردنی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لەبەردەم گەلەکەیان و، بێ تواناو لاواز پیشاندانیان بەوەی ناتوانن بەرگری لە سوریا بکەن و بەرپەرچی پەلامارەکانی جولەکە بدەنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەو لاوازکردنی ئاستی پشتیوانی جەماوەریی بۆ ئەو دەسەڵاتە.
٤ — هاندانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو و، کەمینەکان بە تایبەت ( عەلەویەکان و دورزیەکان ) بۆ یاخی بوون و هەڵگەڕانەوە دژ بەڕژێمی نوێی سوریا، بەتایبەت دوای ئەوەی دەوڵەتی جولەکە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو کەمینانە ڕاگەیاند و، بەڵێنی پاراستنیانی دا، بۆ ئەوەی ببنە هەڕەشەو سەرچاوەی نائەمنیی بۆ ئەو وڵات و دەسەڵاتە نوێیە.
٥ — ئیحراجکردنی تورکیا کە هاوپەیمانی ستراتیژیی دەسەڵاتی نوێی سوریایە و، ئاراستەکردنی پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ ئەنقەرە، بەتایبەت دوای ئەوەی ناتانیاهۆ دڵنیایی ئەوەیدا کە لەسەر خاکی سوریا ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە.
٦ — ترسی گەورەی دەوڵەتی جولەکە لە ئەگەری مۆرکردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشی دووقۆڵی نێوان تورکیا — سوریا بۆ بەرگریی هاوبەش، کە قەوارەی زایۆنی بخاتە نێو ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا، هەرکات ویستی پەلاماری سوریا بدات.
٧ — ڕێ خۆشکردن بۆ پلانی پارچە پارچەکردن و دابەشکردنی سوریا بۆ چوار دەوڵەتۆکە، یان لانی کەم سێ هەرێمی سەربەخۆ:
دەوڵەتۆکەیەک یان هەرێمێک بۆ کوردەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، کە هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکا بێت… دەوڵەتۆکەیەک یان هەرێمێک بۆ دورزیەکان لە باشوور کە هاوپەیمانی ئیسرائیل بێت…. دەوڵەتۆکەیەک یان هەرێمێک بۆ عەلەویەکان لە ناوچە کەناریاویەکان کە هاوپەیمانی ڕوسیاو ئیسرائیل بێت…. کۆکردنەوەی زورینەی سوننەش لە ناوەڕاست و بەشێک لە ناوچەکانی باکوور.
دیمەنەکە بەکورتی: مەترسیەکانی بەردەم ڕژێمی نوێی سوریا و، هەڕەشە دەرەکیەکان و ناوخۆییەکان زۆر لە سەرووی تواناکانی ئەو دەسەڵاتەوەن، جگە لە پرسی کەمینەکان و پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ژینگەی دەروروبەری سوریاش زۆربەی ژینگەیەکی دوژمنە بە دیمەشق.. هەربۆیە دەسەڵاتی نوێی سوریا ئێستاکە پێویستی بە چەند هاوپەیمانێکی گەورەو بەهێزهەیە، لەسەرووشیانەوە تورکیا، بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ و، ڕووبەڕووی هەڕەشەو مەترسیەکان ببێتەوە..