گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە ئەو لێدوانەی ژەنەراڵێکی سعودییان بەبیرهێنایەوە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەربارەی ئایندەی ناوچەکە و چارەنووسی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی “کوردستانی گەورە”، دای.
ئەنوەر عیشقی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و یاسایی حەوت ساڵ لەمەوبەر باسی لە پلانێک کرد بۆ سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا پێشنیازی ئاشتەوایی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانی کردبوو.
لەوەش گرنگتر ئەنوەر عیشقی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی گەورەی بە پێویستزانی بوو بۆ بەرگرتن بە خواستی پەلهاویشتنی ئێران و تورکیا و عێراق، چونکە کوردستانی گەورە لە سێیەکی هەریەک لەو وڵاتانە دروست دەبێت.
ئەوەی قسەکانی ژەنەراڵە سعودییەکەی سەرنجڕاکیشتر کردبوو ئەوەبوو کە پێشتر چەند پۆستێکی هەستیاری لە ناو دەسەڵاتی سعودییەدا هەبوو بۆیە قسەکانی تەنیا وەک لێدوانێک لێک نەئەدرایەوە، لەوانەش بەرپرسی هەواڵگری سعودیە، و ڕاوێژکاری ئەمینداری گشتی “ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی سعودیە”، و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی شارەزایانی ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیە.
قسەکانی ئەنوەر عیشقی لەگەڵ ئەو پلانەش یەکدەگرێتەوە کە زۆرجار دەربارەی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس دەکرێت و هەندێک پێیانوایە بە شەڕی غەززە و ڕووخانی ڕژێمی سووریا و هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەستیپێکردووە.
