دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەپاندنی باجی نوێی بەسەر سەرجەم وڵاتانی جیهاندا راگەیاندو وتی؛ شکۆمەندی و چارەنووسی ئەمریکامان گەڕاندەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا تاڵانیانکردین و کار و داهێنانەکانیان دزین ئەمڕۆ هەموو ئەوانە رادەگرین، دیسان وڵاتەکەمان دەوڵەمەند دەکەینەوەو نۆرەی سەرفرازی ئێمەیە، ئەمریکاش دەگەڕێنینەوە بۆ شکۆمەندی پێشووی.
وتیشی؛ فەرمانی جێبەجێکردن واژۆ دەکەم بۆ سەپاندنی باجی گومرگی و هەمان ڕێژەی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنین کە ئەوان بەسەرماندا دەسەپێنن،
ئەم ڕێوشوێنە گومرگییانە وامان لێدەکەن جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە و بەهێز بکەینەوە، جارێکی تر هەلی کار و کارگەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکانرخەکان بۆ بەکاربەران دابەزن.
کاردانەوەکان
وەزارەتی بازرگانی چین، ئاماژەی بەوەەداوە؛ بڕیارەکەی واشنتن سوکایەتی پێکردنە و پەکین ڕێوشوێنی پێچەوانە دەگرێتەبەر.
هاوکات، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت: باجی گومرگی نوێی ئەمەریکا “گورزێکی گەورەیە بۆ بازرگانان و بەکاربەران لە سەرانسەری جیهاندا”، ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان و ڕێوشوێنی پێچەوانەش ئامادە دەکەین.
هەروەها حکومەتی بەرازیل ئاماژەی بەوەداوە؛ باجی گومرگی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکایە بەرامبەر ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاندووە: ئێمە بە ڕێوشوێنی پێچەوانە وەڵامی باجی گومرگی ئەمریکا دەدەینەوە.
وەزارەتی بازرگانی بەریتانیاش، ڕایگەیاندووە؛ بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا.
سەرۆکی کۆریای باشووریش بە وەکالەت، فەرمانی داوە کە هەموو ڕێوشوێنێک بگیرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی باجی گومرگی و دۆخەکەی بە “زۆر مەترسیدار” ناوبردووە.
حکومەتی ژاپۆنیش، ئەمهەنگاوی ئەمەریکای بەجێگەی داخ ناوبردووە و ئاماژەی بەوەداوە؛ بە فەرمی واشنتنیان ئاگادار کردووەتەوە و داوای پێداچوونەوە بە باجی گومرگی دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنیش، سەپاندنی باجی گومرگی بەپێوانەیەکی هەڵە ناودەبات و دەڵێت؛ لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا نییە.

