* د.ئەحمەد کەرکوکی
بەشێک لە وڵاتان یەکشەممەیان کردە جەژن بەشێکی دیکەش دوو شەممە، ئەم بێ سەرووبەریەی درووست بوو دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو:
یەکەم/ درەنگ ڕاگەیاندنی جەژن یان ڕەمەزان لەلایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەهلی سونەوە لەعێڕاق کە دیوانی وەقفی سونی و مەجمەعی فیقهی عێڕاقین.
دووەم/ سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرلێشێواندنی مسوڵمانان بینی بەجۆرێک هێشتا ڕانەگەێنرابوو دەیانگوت فڵان لایەن ڕایگەیاند جەژنە یان جەژن نیە پاشان خەڵک تەئویلات و بیروبۆچوونی خۆیانیان تێکەڵی بابەتەکە کرد بەجۆرێک خەڵکی بوون بە دوو بەشەوەو هەر کەسەوە بۆخۆی تەحلیلاتی دەکرد.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم بابەتە پێویستە لە ڕوانگەی زانایان و شارەزایانی بواری فەلەکناسیەوە تەماشا بکەین ئەویش بنچینە فیقهیەکانە بۆ ئەم بابەتە، لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشەوە ئایا دیاریکردنی سەرەتا و کۆتایی مانگێکی عەرەبی بە بینینی مانگ دەبێت یاخود بە حیسابی فەلەکی؟
دوو بۆچوونی فیقهی هەیە:
یەک/ پشت دەبەستن بە بینینی چاو یاخود بە تلسکۆب جا ئەو بەڕێزانەی بەم ڕێگەیە مانگ نەبینی گوتیان ئەمڕۆ یەکشەممە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە.
دوو/ پشت دەبەستن بە حیسابی فەلەکی جا ئەو بەڕێزانەی بۆیان ڕوون بووەوە کە مانگی شەوال لەدوای خۆرئاوابوونی ڕۆژی شەممە نزیکەی ۹ خولەک لەئاسمان دەمێنێتەوە بۆچوونیان وابوو کە ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.
ئەوەی گرنگە بیزانین کە پێغەمبەری خوا د.خ دەفەرمێت صوموا لرۆیته وٲفگروا لرۆیته واتە لەگەڵ بینینی مانگ بەڕۆژوو بن و هەر بەبینینی مانگ جەژن بکەن، لە هەندێ شوێن مانگ بینراوە و لەهەندێ شوێنیش بەهۆی هەورەوە نەبینراوە.
بەڕێزان ..
ئەم بابەتە هیچ پێویست بەشڵەژان و خۆتێکدان ناکات لەڕووی شەرعەوە هەر مسوڵمانێک لەگەڵ وڵات و مەرجەعی خۆی بەڕۆژوو دەبێت و جەژن دەکات، بەهیچ شێوازێک ڕەوا نیە خۆت لە جەمعی مسوڵمانانی شارەکەی خۆت جیا بکەیتەوە، ئەو شوێنەی جەژنی ڕاگەیاندووە درووست نیە بەڕۆژوو ببن ئەو شوێنەیش ئەمڕۆی بەڕەمەزان داناوە درووست نیە بیشکێنن.
خەڵکانێک بۆ هەواو ئارەزووی خۆی و بەبێ هیچ زانستێک تەحەدای ئەو هەموو زانا و مەجامیعە فیقهیە دەکات تاوانی خۆی لە گەردەنی خۆیەتی جیا لەو هەموو جنێو و قسە نابەجێیانەی لەدەم و نووسینەکانیەوە دەهاتنە دەر و بەئارەزووی خۆی تەحلیلاتی سیاسی و ئابووری و فەلەکی بۆ دەکرد، ئەسڵەن ئەگەر ئەم بابەتە بکەینە قاڵبی سیاسەتەوە سوریا ئەولاتر بوو یەکشەممە بکاتە جەژن وبەشوێنی تورکیا وقەتەڕ بکەوێ بەڵام سوریاش دوشەممەی کرد بە جەژن.
بەداخەوە ئەو هەموو جنێو و تەشهیر و ناوزڕاندنەی شەوی ڕابردوو پێی گوتین مسوڵمانێکی زۆر سوودیان لە ئامانجەکانی مانگی ڕەمەزان نەبینیوە کە تەقوایە.
*ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک