spot_imgspot_img

حاکم قادر: ئاڵەنگارییەکان زۆرن و پێکەوە کارکردنیش فراوان بووە

“بەدڵنیاییەوە پێویستە هەموان بە وریایی زیاترەوە مامەڵە بکەن”
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جەژنی ڕەمەزانتان لێپیرۆز بێت، داواکارم لە خودای دلۆڤان تاعەت و ڕۆژووی هەموولایەکی قبوڵ کردبێت و دوعای مسوڵمانان گیرا ببێت و کۆتایی بە زوڵم و ستەم و نادادی بێت و میللەتەکەمان لە بەدەستهێنانی مافەکانی نزیکتر ببێتەوە.
بەڕێزان وەک دەزانن ناوچەکە و نیشتیمانەکەشمان لەبەردەم زنجیرەیەک ئاڵەنگاری و گۆڕانکاری گەورەدایە، ئەوەی مایەی دڵخۆشییە، تا ئێستا لایەنە کوردستانییەکان لە پارچەکانی دیکەی نیشتیمانەکەماندا بە سەرکەوتوویی بەرەوڕووی ئەو ئاڵەنگاریانە بوونەتەوە، لە زۆرێک لە پارچەکان لێکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان هەیە و نەتەوەکەمان کاری پێکەوەیی زیاتر دەکەن، ئەمە جگە لەوەی سەرەڕای مەترسییەکان، ئەوەی دەبینرێت کرانەوەیەک بەسەر مافی نەتەوەکەماندا هەیە، هەرچی لە هەرێمیشە سەرەڕای دواکەوتنی پێكھێنانی کابینەی دەهەم، سەرەڕای ئەوەی هێشتا گەلەکەمان بەدەست دواکەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاری و بونی گەندەڵی و فشاری شۆڤێنیزمەوە لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان دەناڵێنێت، بەڵام نزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی و پارتی هێشتا مایەی ئومێدە کە بتوانن ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانەکان دابنێن.
ئەو ئاڵەنگاریانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لە هەناویدا لوغمی تێدایە و بە دڵنیایەوە پێویستە هەموان بە وریایی زیاترەوە مامەڵە بکەن و کەناڵە دیبلۆماسییەکانی گەلەکەمان فراوانتر بکەن، ئەوەش تەنها بەوە دەکرێت کە ڕێزی زیاتر لە مافەکانی مرۆڤ و گەشەی زیاتر بە ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی و پابەندبوونی زیاتر بە یاسا و بنەما دیموکراتییەکانەوە دەکرێت.
بەوە دەکرێت کە بنەماکانی حکومڕانی لە هەرێم ڕاستبکرێنەوە و زیاتر بەرەو سیستمێکی حکومڕانی دیموكراسی و یەکگرتوو بڕۆین، بە بێ ئەوە بێگومان مەترسییەکان کەم نابن و زیان بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان دەگەیەنێت، بەڵام هێشتا ئەوەی ڕوودەدات بە تایبەت لە پێکەوە کارکردنی هێزە کوردستانییەکان جێگەی دڵخۆشییە.
هەروەها دەمەوێت بڵێم ڕێگای سەرکەوتن بە گەشەپێدانی پایەکانی دیموکراسی و حوکمی یاسا و سەروەری یاسا و فراوانبوونی ئازادی ژنان و هێنانە پێشەوە و پێدانی مافەکانیان دەکرێت، بە بێ ئەوانە ناتوانین بیر لە دروستکردنی وڵاتێکی خۆشگوزەران بکەینەوە.
جارێکی دیکە جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆز و هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە