ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێڕاق لەسەر بودجەی ساڵی 2025 زانیاری ئاشکرادەکات و دەڵێت”هیچ جۆرە پرۆژە و دامەزراندنێک لەخۆ ناگرێت”.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیا عێڕاقیەکانی ڕاگەیاندووە، دواکەوتنێکی بەرچاو لە دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا هەیە، هەر بۆیەش ڕێنمایی و بڕیاری سەرەتایی دەرچوو کە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ نەخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2025 بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت پارەی پڕۆژە بڕیارلێدراو و تەواو نەکراوەکان دابین بکات، بۆ ئەوەی هیچ وەستان و دواکەوتنێک لە پڕۆژەکاندا ڕوونەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم بڕیارە بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و لیژنەی دارایی دراوە بۆ ئەوەی حکومەت ئاگاداربکرێتەوە کە پڕۆژەی نوێ نەخاتە نێو بودجەوە و بەردەوام بێت لە تەواوکردنی ئەوانەی ئێستا لەکاردان. ڕوونیشیکردەوە، لەئێستادا کارکردن لە هەندێک لە پرۆژەکان ڕاگیراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی تەواوکردنیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەم سۆنگەیەوە داوامان لە حکومەت کردووە ئەم پرۆژانە تەواو بکرێت و دواتر پرۆژەی نوێ دانرێت.
گەرعاوی ڕاشیگەیاند، خەرجنەکردنی پارە بۆ هەندێک پڕۆژە و بەڵێندەران یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای لێکردین ئەم بڕیارە بدەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حکومەت ناتوانێت پارەی هەموو پڕۆژە بەردەوامەکان دابین بکات، هەروەها خستنەڕووی پڕۆژەی نوێ بەو مانایەیە کە عێراق پابەند دەبێت بە پابەندبوونەکانی داهاتوو کە ڕەنگە حکومەت نەتوانێت جێبەجێی بکات.
لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە “بودجەی ساڵی 2025 دوور دەبێت لە پڕۆژە و دامەزراندنی نوێ”.
