12 ساڵە ئیستەنبوڵ دۆخی وای بەخۆیەوە نەدیوە

تورکیا نزیکەی هەفتەیەکە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە ناڕەزایی بەسەر دەبات و تادێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.

لەماوەی نزیکەی هەفتەیەک لە خۆپیشاندانەکانی تورکیا کە لەچەند شار و شارۆچکەیەک بەڕێوەدەچێت، تائێستا زیاتر لە 1400 کەس دەستگیر کراون، و سەرۆکى گشتى جەهەپەش جەخت لەبەردەوامى خۆپیشاندان دەکاتەوە و دەڵێت “ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان”.

لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکى شارەوانى گەورەى ئیستانبوڵ و زیاتر لە 100 کەسى دیکە، لە ئێوارەی 19ـی ئازار لە ئیستانبوڵ دەست بە خۆپیشاندان کرا، و دۆخێکی ئاڵۆزی لەنیو ئەو شارەدا دروستکرد، هاوکات ناڕەزایەتییەکان زیاتر و زیاتر بوون و خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 19ـی ئازاری 2025ـەوە هەزار و 418 گومانلێکراو دەستبەسەرکراون، لەو رێژەیە 979 کەسیان لە زینداندان و  478یان دەدرێنە دادگا.

لەلایەکی ترەوە سەرۆکی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە تورکیا ڕوودەدات کودەتایە بەسەر ئیمامئۆغڵو و هەرگیز ڕێگە نادەین ئیرادەی گەل سەرکوتبکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا،  پرۆسەکە بەکارهێنانى دادگایە بۆ مەرامى سیاسی و ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەى ئیمامئۆغڵو نەتوانێت لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا کێبڕکێی ئەردۆغان بکات.

ئۆزگور جەختیکردەوە کە دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ پێشێلکردنی یاسایە و بڕیاریداوە وەک کاردانەوەیەک رۆژانی جەژن سەردانی سەرۆکى پارتەکانى ئاکپارتی و مەهەپە نەکات و دەڵێت، بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان.

جێی بایەخە خۆپیشاندانەکەی ئەم ماوەیەی ئیستانبوڵ و شارەکانی تری تورکیا، بەگەورەترین خۆپیشاندان دادەنرێت لەدوای ساڵی 2013، ئەوکات تورکیا لەسەر تێکدانی پارکێک دەستی بە خۆپیاندان کرد.

رۆژى 19ـی ئازاری 2025، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستبەسەرکرا و دواى بڕیارى زیندانیکردنى لەلایەن دادگاوە، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دورخرایەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە