داواکاری گشتی سلێمانی ڕایگەیاند، لەمەودوا هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڕوماڵی هەواڵی کوشتن بکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراودا بکات، رێکاری یاسایی لە دژی دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، داواکاری گشتی سلێمانی داوا دەکات چیتر دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووماڵی هەواڵی کوشتن نەکەن و زانیاری ناڕاست و بێبەنەما بڵاو نەکەنەوە.
باسی لەوەشکردووە، لەکاتی ڕوودانی ڕووداوێکی کوشتن دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیارین، کەچی بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و پێچەوانەی ڕێنمایی و یاسا کارپێکەرەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو جۆرە تاوان و ڕووداوانە دەکرێنە هەواڵی بەپەلە و زانیاری ناڕاست و بێبنەما و ناڕاست بڵاودەکەنەوە و لێکدانەوەی نایاسایی و نادروست بۆ ڕووداوەکان دەکەن.
باسی لەوەشکرد، وەرگرتنی لێدوان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو جگە لەوەی وەک تاوان ئەژمار دەکرێت، لەهەمان کاتدا کاریگەری نەرێنی دەخاتەسەر لایەنی دەروونی تاک و کۆمەڵگە بەتایبەت هەرزەکاران و بەلاڕێدابردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان.
هاوکات، داوکاری گشتی سلێمانی داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەکات خۆیان بەدووربگرن لە ڕووماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵانە و ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییەکان بکەن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر.
ئەم نووسراوەی داواکاری گشتی سلێمانی لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێیان وایە ئەو نووسینە بە هەڵە ئاڕاستە کراوە و دەڵێن، دەبوو نووسراوەکە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بکرایە نەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی.
هەروەک پێشیان وایە بەدەمەوە هاتنی داواکاری گشتی زۆر گرنگ و جێی دەستخۆشییە لەم بابەتانەدا، بەڵام دەبێت هەڵەکەیان ڕاست بکەنەوە.

