سەرفیترە و فیدیە ئایا بە پارە یان بە خواردن بدرێت؟

ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم بڕی سەرفیترە و فیدیەی ڕۆژوو دیاری دەكات، كە لە ئەمساڵدا بۆ هەریەكەیان بڕی 3 هەزار دینار دیاری كراوە بۆ هەر كەسێك، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا سەرفیترە و فیدیە بە خواردن دراوە و دواتر زانایان ڕێگەیاند داوە بكرێت بە پارە، بۆیە بەردەوام موسڵمانان پرسیاری ئەوە دەكەن بە پارە بیدەن یان بە خواردن؟

مەلا موسلیم فریزی، مامۆستای ئایینی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ (خەڵک) سەبارەت بەو پرسە دەڵێت: لەسەردەمی پێغەمبەرصلیالله علیه وسلم قوت “خواردن” باشتربووە و لەسەردەمی باپیرانیشمان، بەڵام بۆ ئەمڕۆ پارەكە باشترە بۆ هەژاران.

بۆ نمونە: برنج دەبەیت بۆ كەسێك، بەڵام ئەو كەسە زیاتر حەزی بە برنجی بایەعییە و پێویستی بە شتی دیكەیە، كە بەپارە دەكرێت! ئەگەر بۆ نمونە تۆ برنج بە گران بكڕیت و بیبەی بۆ كەسێكی هەژار و ئەویش بچێت بیفرۆشێتەوە دەبێت بە هەرزان بیفرۆشێتەوە، بۆیە لێرەشدا كەسی هەژار زەرە دەكات، بۆیە باشترە پارەكەی ڕاستەوخۆ پێ‌ بدرێت.

دەشڵێت: هەردوولا، ئەوەی كە دەیهەوێت بە قوت سەرفیترە و فیدیە بدات و ئەوەش، كە دەیەوێت بە پارە بیدات هەردووكی لە ڕووی شەرعەوە دروستە و پێویست ناكات یەكتری تاوانبار و قسەی نابەجێ بۆ یەك بنووسن و پێویست ناكات كەس بیروبۆچوونی خۆی فەرزبكات بەسەر ئەوی دیكە! هەریەكەو شەرتی نیەت و قەناعەتی خۆی.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی بڕوای وایە پارەكە باشترە بۆ هەژار و نەدار ئەوە با پارە بدات و ئەوەشی پێی وایە گەنم و برنج و قوت لە بەرژەوەندی خەڵ:ی نەدارە ئەوا با ئەوە بدات.

ئەو مامۆستا ئایینییە جەختیشی كردەوە، بە هەردووكی دروستە، بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە لەم سەردەمەدا پارەكە زیاتر لە بەرژەوەندی كەسانی هەژار و نەداردایە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە