وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٠ خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە لەوەو پێش کەڵەکەببون و نەکرابوون.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێستاشدا چەند خشتەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و کارەکانیان تەواوبووە و، چاوەروانین بەمنزیکانە بگەرێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە. بەم هەنگاوە بەردەوامانە توانیومانە دۆخی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەینەوە سەر راستەڕێی یاسایی و ئاسایی خۆی.
دەقی ڕوونكردنەوەكە:
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا بەرێز وەستا رەسوڵ، چەند لێدوانێکی بێ بنەما و ناڕاستی بڵاوکردۆتەوە، ئێمە لەم راگەێیندراوەدا بە پێویستی دەزانین راستیەکان روون بکەینەوە بۆ ڕای گشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تەنها لە پێناو دەرخستنی کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی ئەو چەواشەکارییە دەدەینەوە.
١- دەربارەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا، وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک لیست ساڵانە لە مانگی ئادار و ئەیلولدا سەرجەم خشتەکانی پلەبەرزکردنەوە ئامادە دەکات و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات.(ساڵانی پێشوو پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ ماوەی چەند ساڵ ڕاگیرابوو و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە بێبەشبوون لە مافی پلەبەرزکردنەوەیان) بە هەوڵی تیمی باڵای وەزارەت توانراوە کاری جددی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بکرێت بە کۆی گشتیی لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٠ خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە لەوەو پێش کەڵەکەببون و نەکرابوون لە وەزارەت، توانراوە پلەکانیان بەرزبکرێتەوە و پلەیی شایستەی خۆیان وەربگرن. لە ئێستاشدا چەند خشتەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و کارەکانیان تەواوبووە و، چاوەروانین بەمنزیکانە بگەرێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە. بەم هەنگاوە بەردەوامانە توانیومانە دۆخی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەینەوە سەر راستەڕێی یاسایی و ئاسایی خۆی.
لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کۆمەڵێک بنەما و مەرج و ڕێنمایمان داناوە کە لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەران پلەیان بەرزدەبێتەوە وەکو تر هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی رێنمایی و مەرجە یاساییەکان و بەبێ پایە، شایستەی پلەبەرزکردنەوەی جێبەجێ ناکرێت. بەمەش کۆتایی بە پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی و ناسەربازیی هاتووە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
٢- دەربارەی ڕاگرتنی نوسراوەکانی هێزەکانی حەفتا لە ناو بەشە کارگێرییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایدەگەیەنین ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستی نوسراوەکانی هێزەکانی حەفتا کاری یاسایی خۆیی لەسەردەکرێت هەر نوسراوێکیان هەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا جێبەجێ دەکرێت و کراوە.
٣- دەربارەی جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو لێرەوە ڕایدەگەیەنین؛ هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نیە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە.
٤- بەرێز وەزیری پێشمەرگە، پارێزەری ماف و شایستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و جێبەجێکارێکی سەرسەختی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەتاکو ئەمڕۆ بەردەوام سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات، پێداگرە و ویستی جددیی و ئیرادەیەکی نیشتیمانی بەهێزی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی ناوچەکانی سەرکردایەتی و فیرقەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. بە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی بەرێز وەزیری پێشمەرگە توانراوە پرۆسەی چاکسازی قۆناغی زۆرباش ببڕێت و ببێت بە بنەما و بەرنامەی کارکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە واقع و دەرئەنجامی زۆرباش بەدەست بهێنرێت.
ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناغێکی بەهێز و سەرکەوتوودایە وەک یەک تیمی پێکەوەیی کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی. پێویستیشمان بە پشتیوانی و پاڵپشتی هەمووان هەیە و دەبێت هاوکارمان بن لەو ئەرکە سەختەی پێمان سپێردراوە نەک سەنگەری دژایەتیمان لێ بگرن.
دەبوو بەرێز وەستا رەسوڵ، بە ویژدان و ڕووحیەتێکی بەرپرسانە باسی لە بەرەوپێشووچوونەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو دەستکەوتانە بکردایە نەک لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن دژی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو دەستکەوتانە کە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدەست هاتوون قسەبکەن.
دڵنیاین خەڵكی نیشتمانپەروەری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارتر و بەرچاوروونترن کە بروا بەو چەواشکارییە نابەرپرسانەیە بکەن کە بەمەست بڵاودەکرێنەوە.
