وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند هەزار و ١٣٣ کەسیان لەو خۆپیشاندانانەدا دەستگیرکردووە کە لە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ دەستیان پێکردووە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بەو لێکۆڵینەوانەی لە بارەی گەندەڵی و تیرۆر لە گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ دەستیپێکردووە ١٢٣ پۆلیس برینداربوون.
وتیشی، ڕێکاری یاسایی لە بارەی ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیسەکانمان، زیانیان بە ماڵی گشتیی گەیاندووە و هەڕەشە لە ئاسایشی گەلەکەمان دەکەن بەردەوامە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، یەرلیکایا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بەپێی ٣٤هەمین ماددەی دەستوور، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی بێ چەک و ئاشتییانە و بێ پەلاماردان سازبکات. مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان تەنیا بە یاسا و بەمەبەستی ئاسایشی نەتەوەیی، شیرازەی گشتیی، ڕێگرییکردن لە تاوان، پاراستنی تەندروستی و ڕەوشتی گشتیی، یان ماف و ئازادییەکانی کەسانی دیکە سنووردار بکرێت.
یەرلیکایا باسی لەوە کرد کە ئەو شێواز، مەرج و ڕێکارانەی دەبێت لە بەکارهێنانی مافی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشانداندا جێبەجێ بکرێن لە دەستووردا دیاریکراون، ئەوەیشی خستەڕوو کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک لایەن مافی بەکارهێنانی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان قۆستەوە و هەوڵیاندا شیرازەی گشتیی تێکبدەن و ڕووداوەکانی شەقامیان خۆش کرد و هێرشیان کردە سەر پۆلیس.
وتیشی: “ئەم جۆرە کردانە بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی گەلەکەمانە. لە خۆپیشاندانەکاندا ١٢٣ پۆلیسمان برینداربوون. لەم خۆپیشاندانانەدا دەستگیراوە بەسەر ماددەی ئەسید، بەرد، کوتەک، گوللەی هەوایی، مۆڵۆتۆف، تەور و چەقۆدا. ڕێکاری یاسایی لە بارەی ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیسەکانمان، زیانیان بە ماڵی گشتیی گەیاندووە و هەڕەشە لە ئاسایشی گەلەکەمان دەکەن بەردەوامە. لەو خۆپیشاندانە نایاساییانەی لە ڕۆژانی ١٩-٢٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا ئەنجامدراون هەزار و ١٣٣ گومانلێکراو دەستگیرکراون، لە نێو ئەو کەسانەی دەستگیرکراون کەسانێک هەن پەیوەندیان بە ١٢ ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیاوازەوە هەیە، هەروەها دەرکەوتووە کە لە نێو ئەو کەسانەی دەستگیرکراون کەسانێک هەن بە ١٧ تۆمەتی جیاوازی وەک ماددەی هۆشبەر، دزی، فریودان و قۆڵبڕین، دەستدرێژی سێکسیی و بە ئەنقەست بریندارکردن ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر”.
