پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەرەو پیری كورد هاتوون و دەشڵێت: نامانەوێت هیچ كەسێك لە چوار ساڵ زیاتر لە پۆستەكەی بمێنێتەوە و هەر كات یەكێتی و گۆڕان ڕێككەوتن كەس وەكو ئێمە ئاسان نییە هەر بەیانی دەستبەرداری پۆستەكەم ببم.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، هیوادارین بە یەكگرتووی و تەبایی بچینە قۆناغێكی نوێوە، چونكە ئێستا وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەرەوپیری كورد هاتوون، بۆیە دەبێت كوردیش خۆی یەك و تەبابێت و ستراتیژ و بەرنامە و پلانی هەبێت.
سەبارەت بە كارەبای 24 كاتژمێری ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا وەكو یەكە كارگێڕییەكان بیروبۆچوونی خۆمان سەبارەت بە كارەبای 24 كاتژمێری و نرخەكەی داوە و هەروەها بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بەرنامە و بۆچوونی ئێمەی گەیاندۆتە وەزارەتی كارەبا، بۆیە هیوادارین كارەبای 24 كاتژمێری، كە پێویستی گەورەی وڵاتە و ناكرێت دوای ئەو هەموو ساڵە كێشەی كارەبامان هەبێت و دەبێت چارەسەر بكرێت، بەڵام ناكرێت چارەسەركردنی لەسەر بژێوی خەڵكی كەم دەرامەت بێت، بۆیە دەبێت باڵانسێك هەبێت بۆ پڕۆسەكە.
سەبارەت بە پۆستەكەی د. هەڤاڵ وتی، “لە زووەوە وتومانە و سێ جار داوای لێخۆشبوون و بەخشینمان لە پۆستەكەمان كردووە و لەگەڵ ئەوەدانین پۆستێك لە 4 ساڵ زیاتر بەردەوام بێت، بۆیە دەبێت دوای پێكهێنانی حكومەت یەكێتی و گۆڕان ڕێكبكەون و هەر كات ئەوان ڕێككەوتن ئەوا كەس وەكو ئێمە ئاسان نییە و هەر بەیانی دەستبەرداری پۆستەكەم دەبم”.