لە ئێستادا زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل، بۆ بەهێزكردن و تاوپێدانی بزوێنەرەكانیان، پشت بە سیستمی پاڵپشت دەبەستن، كە هێز و تاودانی بزوێنەرەكان لە هەندێك كاتدا، بۆ چوار هێندە بەرز دەكاتەوە، لە بەناوبانگترین و كاراترین ئەو سیستمانەش كە بۆ زیادكردنی هێز و تاودان لەسەر بزوێنەرەكان دەبەسترێت، دوو سیستمی (توربۆ) و (سوپەرچارج)ـن، لێرەدا هەندێك لە جیاوازیی و لێكچوونەكانیان دەخەینە روو.
لێكچوون:
– هەردوو سیستمەكە پشت بە بنەمایەكی سەرەكی بۆ زیادكردنی هێز دەبەستن، بە شێوەی پەستاندن چەندجار زیاتر لە هەواكێشی ئاسایی، هەوا دەكەنە نێو بزوێنەری ئۆتۆمبێلكە، بەوەش كرداری سووتان باشتر دەبێت و هێز و تاودانی بزوێنەرەكەش چەندبار دەبێتەوە.
– هەر یەك لەو دوو سیستمە لە چەند بەشێك پێك دێن، لەوانە ژووی هەوا و كۆمپرێسەری هەوا و رێرەوی دەركردنی هەوای پەستێنراو بۆ ناو بزوێنەر.
– بە هۆی ئەوەی لە هەردوو سیستمەكە، كرداری سووتان لە ناو بزوێنەر زیاتر و خێراتر دەبێت، ئەوا بزوێنەریش گەرم دەبێت و پێویستی بە سیستمێكی زیادەی ساردكردنەوە دەبێت، یان دەبێت پێكهاتەكانی بزوێنەرەكە بگۆڕدرێن بۆ پێكهاتەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلە وەرزشییەكان.
جیاوازی:
– سیستمی توربۆ لەسەر ئەگزۆز دەبەسترێت، تۆربینی توربۆكە سوود لە هەوای ئەگزۆزەكە وەردەگرێت (كە خۆی لە بنچینەدا وزەیەكی بە فیڕۆدراوە)، لە كاتی زیادبوونی هەوای ئەگزۆز لەو پلەیەی كە لەسەر (RpM)ـی مەكینەكە دانراوە، كۆمپرێسەری توربۆكە دەكەوێتە كار و هەوای پەستێنراو دەكاتە ناو مەكینەوە.
– بەڵام تۆرباینی سوپەر چارجەر، بەهۆی قایشێك یان زنجیرێك لەسەر كرانك شەفت (Crankshaft) دەبەسترێت، لەگەڵ هەڵبوونی بزوێنەر كرانك شەفت دەست دەكات بە خولانەوە و كۆمپرێسەری هەوا دەخاتە كار و ئەویش هەوای پەستێنراو دكاتە نێو بزوێنەرەكەوە.
– هێزی توربۆ كەمێك كاتی پێدەچێت تا سوودی لێدەبینرێت، چونكە پێویستی بە هەوای ئەگزۆزە ئەویش پێویستی بەوەیە هێزی بزوێنەرەكە بگاتە ئاستێكی دیاری كراو، كە بە پێی قەبارە و هێزی بزوێنەر دەگۆڕێت، بۆ نمونە: خولانەوەی كرانك شەفتی بزوێنەرەكە بگات بە (3000)، كە لێرە پێی دەڵێن پەستانی مەكینە، ئەوكات توربۆكە دەكەوێتە كار، یان هەر پلەیەكی تر كە دیاری كرابێت.
– بەڵام سوپەر چارج بەهۆی ئەوەی لەسەر كرانك شەفت بەستراوە، راستەوخۆ سوودی لێدەبینرێت، بەڵام بۆ بزوێنەرە بچوكەكان گونجاو نییە و هێز و سووتەمەنی زیاتری دەوێت.
– پاش وەستان، نابێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی توربۆیان لەسەرە راستەخۆ بكوژێنرێنەوە، بەڵكو دەبێت لانی كەم (5) خولەك دوای وەستان، ئینجا بزوێنەرەكانیان بكوژێنرێتەوە، بەڵام سوپەر چارج ئەوەی پێویست نییە.
لە ئێستاشدا هەندێك كۆمپانیا سیستمێكیان بۆ توربۆكان داناوە، پاش ئەوەی كە شۆفێر ئۆتۆمبێل دەكوژێنێتەوە و سویچ دەردەكات، بزوێنەرەكە تا توربۆكە سارد نەكاتەوە، ناكوژێتەوە.
كامیان باشترە؟
– هەریەك لەو دووانە، باشی و خراپی خۆیان هەیە، توربۆ قەبارەی بچوكە بەڵام ئاڵۆزە، سوپەر چارج قەبارەی گەورە و بە كێش قورسە، بەڵام سیستمێكی سادەترە.
– تەمەنی بزوێنەری توربۆ زیاترە لە تەمەنی بزوێنەری سوپەر چارج.
– توربۆ سوتەمەنی كەمتر خەرج دەكات، بەڵام سوپەرچارج تاودانی زیاتر دەدات بە ئۆتۆمبێلەكە، بۆ ئەوەش پێویستی بە سوتەمەنی زیاترە.
– كۆنترۆڵی كاری توربۆ باشتر وەك لە سوپەر چارج، چونكە سوپەر چارج پێویستی بەوەیە بزوێنەر بگەیەنرێتە هێڵی سور (Red Line)، تا ئەویش بگات بە هێزی تەواوی خۆی (MAX boost)، ئەگەر لە خەتی سوریش تێپەرێنێت، ئەوا هەوای گەرم دەردەكات و سوتەمەنی زیاد دەستوێنێت، بەڵام هێزی كەم دەكات، بە هاوسەنگ هێشتنەوەشی پێویستی بە ئەزموونی شۆفێر هەیە.
– كەواتە، بە شێوەیەكی گشتی، لای زۆربەی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل، سیستمی توربۆ گونجاوترە، بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكیش باشترە، بەڵام سوپەر چارج بۆ ئۆتۆمبێلی وەرزشی و پێشبڕكێ باشترە لە توربۆ.