ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستی بەردەوامن لە دۆزینەوە و داهێنانی ئەو شێوازە نوێیانەی کە سوود بە مرۆڤ دەگەیەنن، ئێستا دەزگای تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا تاقیکردنەوە لەسەر چیپێک دەکەن کە توانای باشترکردنی دۆخی دەرونی و یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی خەمۆکی و سەرئێشەی هەیە.
لە کەلەسەری مرۆڤدا دەچێنرێت
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری نوێنەری دەزگای توێژینەوە و داهێنانی پێشکەوتووی بەریتانیا کە پارەی تاقیکردنەوەکان دابین دەکات، ڕایگەیاندووە؛ چیپەکە لە کەللەسەری مرۆڤدا دەچێنرێت.
بەوتەی زانایان، ئەو چیپە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانی مێشک دەکات و سیگناڵ دەنێرێت بۆ چالاککردنی کۆمەڵێک دەمار.
جاک کارۆلان، نوێنەری دەزگای توێژینەوەی بەریتانیا بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندووە، “تەکنەلۆژیای دەمار دەتوانێت یارمەتی کۆمەڵێک کەسی زۆرتر بدات لەوەی پێشتر بیرمان لێدەکردەوە، ئەم چیپە دەرفەتێکی زۆر باش دەڕەخسێنێت بۆ یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە تووشی خەمۆکی و بەرگری لە چارەسەرکردن، سەرئێشە، ئالوودەبوون و تێکچوونی خواردن بوونەتەوە”.
لەم مانگەوە دەست پێدەکەن
تاقیکردنەوەکان لەم مانگەوە دەست پێدەکەن و ماوەی سێ ساڵ و نیو بەردەوام دەبێت، کە نزیکەی ٣٠ نەخۆش بەشدارن تیایدا.
بەشداربووان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ئامێرەکە لەسەر پێستی سەریان لەبەر دادنرێت، چالاکیی مێشکیان دەپێورێت، توێژەران تاقی دەکەنەوە کە ئایا دەتوانن بە شێوەیەکی متمانەپێکراو باری دەروونی و پاڵنەرەکانی نەخۆشەکان بگۆڕن.
ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتی ڕێکخستنی بەریتانیا چیپەکە پەسەند بکرێت، ڕێکخەرانی توێژینەوەکە پلانیان هەیە دەست بە تاقیکردنەوەی کلینیکی چیپەکە بکەن.
لەگەڵ بەهاو گرنگییەکەیدا، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایانە پرسە ئەخلاقییە بەرچاوەکان سەبارەت بە خاوەندارێتی داتا و پاراستنی نهێنی دەوروژێنن.
