spot_imgspot_img

ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە سەقامگیریی دا

هەڵمەت هۆشیار – پەرلەمانتار

دۆخی میدیا كوردی دۆخێكی ناجۆر و دوور لە بەرپرسیارێتییە، دۆخێكە زۆربەی میدیاكان ڕێگە هەڵەكەیان گرتووە و ڕێگە ڕاستەكەیان وێڵ كردووە.

لە سەرانسەری دونیادا یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی ڕاگەیاندن بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی زەمینەی چاكسازیی و پێكەوەژیانە، چونكە ڕاگەیاندن سنور و تەیمانەكان دەبەزێنێت و بە بێ لە دەرگەدان خۆی دەكات بە ماڵەكانماندا، بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانین گیرۆدەی خۆی و پەیامەكانی دەبین.

ئەم ئەركەی میدیا یەكێكە لە ئەركە هەرە هەستیار و پڕ بایەخەكان، ئەوەی لەسەر بنەمای ئەم تیۆرە پەروەردە كرابێت بە ئاسانی ناكەوێت و خۆی لەبەردەم شەپۆلی زانیاریی بێ ناوەڕۆك ڕادەگرێت.

ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی بەرپرسیار خاوەنی دیدگا و پەیامن، لەم دیدگایەوە دەیانەوێت ئامانج بپێكن.

ئامانجی ڕاگەیاندنی بەرپرسیار بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دروست و تاكیكی هۆشیار و هەست بە بەرپرسیارێتییە،  ڕێچكە ڕاستەكە ئەمەیە كە دەتوانین بناغەی میدیایی خۆمانی لەسەر بونیاد بنێین.

بەلێشاو بڵاوكرنەوەی بابەتگەلێك بە ناوی هەواڵ و زانیاریی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و میدیای ئەلكترۆنیدا، هێندەی ئامانج لێی كۆكردنەوەی (لایك و كۆمێنت)ە هێندە كاركردن نییە بۆ مانەوە لەدۆخی سەقامگیریدا، هەر بۆیە هەمیشە ئەم میدیایانە لە دۆخە سەقامگیرەكاندا دنەی بابەتگەلێك دەدەن كە نائارامی (كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوریی …) دروست بكات.

هەتا هێزە سیاسییەكانی هەرێم تەبا بن و لێكترنزیكبوونەوە هەبێت ئەمان لە درزێك دەگەڕێن تا بیكەنە كەلێنێك و ئالۆزییە دەرونییەكانی لێدروست بكەن.

بە پێچەوانەشەوە هەتا ئالۆزییە سیاسییەكان زیاتر بێت، خراپتر هەوڵی فراوانكردنی كەڵینەكان دەدەن و كارێك دەكەن كۆمەڵگە بەسەر لایەن ناكۆكەكاندا دابەش ببێت و ئاگری ناكۆكییەكە دابەزێتە ئاستی میللی و هاونیشتيمانیانیش ببنە بەشێك لەو ململانێیە و قەتاماغەی برینەكان هەڵبدەنەوە و خوێی پێدا بكەن، تا ڕادەیەكی باش لەم هەوڵەدا براوە بوون و دۆخە میدیاییە ناجۆرەكە زۆرینەی وەرگری وا پەروەردە كردووە كەم بابەتی بڵاوكراوەی سیاسیی و پەیوەست بە هەرێم هەیە لێوڕێژ نەبن لە توانج و جنێو و (تێچینی) ئاست نزم، دۆخێك دروست بووە هەمیشە گومانەكان بەسەر یەقیندا زاڵن.

هەردەم بە چاوی (پیلانگێرییەوە) دەڕوانن لە هەوڵەكان، هێندە بێ متمانەیی زاڵە و هاونیشتمانیان وا سەریان لێشێواوە (قازانج و زیانی) خۆیانیان بۆ یەكلایی ناكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی بیركردنەوەی زۆرینەی هاونیشتمانیان ناكرێت وەكو پێوەر بۆ هیچ راپرسیەكی زانستی وەربگیرێت، چونكە لای زۆرینەمان روكەش زاڵە و خوێندنەوە و بیركردنەوەی قوڵ ئامادەگییان نییە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە