پەرلەمانتارێکی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەمڕۆە تا ڕۆژی پێنجشەممە 27ی ئازار، مووچەی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەدرێت، دەشڵێت: “ئەگەر بەهۆی جەژنەوە وردبینییش تەواو نەبێت، مووچە دابەش دەكرێت”.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتی وتووە: “لە دارایی فیدراڵ زانیاریمان وەرگرتووە، لەمڕۆوە تا ڕۆژی پێنجشەممە، مووچەی هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکانی عێراق و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد: “ئەگەر وردبینییش بەهۆی جەژنەوە تەواو نەبێت، مووچەی هەموو مووچەخۆران و فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەدرێت”.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، دەگەڕێنەوە بەغدا و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکەن، وتیشی: “لیستی مووچە ڕێکوپێکە و کێشەی نییە و دەبێ ڕێکارەکانی تەواوکردنی تەمویلیش بکرێ و بنێردرێت”.
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: “ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێ لە ژمێرکاریی عێراق دەستی پێکردووە، هەینی و شەممە دەوام نەبووە، ئەمڕۆ وردبینی دەست پێدەکاتەوە و چاوەڕوانین ڕێکارەکان تەواو بکرێن و دواتر تەمویل بنێردرێت”.
بۆ مووچەی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان داوای نزیکەی 958 ملیار دیناری کردووە.
