ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی باشماخەوە زیادیکردووە و بەرپرسی گومرگی دەروازەکەش دەڵێت باشماخ بە سێیەم گەورەترین گومرگی ئێران دادەنرێت.
عەباس ئارام، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی باشماخی مەریوان ڕایگەیاند، ئاڵوگۆڕی کاڵا لە گومرگی باشماخ بە ڕێژەی لەسەدا 60 بەرزبووەتەوە و ئەمەش نیشاندەری گەشەی بازرگانی و بەرزبوونەوەی پێگەی ئابووریی ئەو گومرگەیە بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران.
ڕوونیشیکردەوە کە باشماخ دەتوانێ ڕەخسێنەری هەلی زیاتر بێت بۆ گەشەی بازرگانی و ڕاکێشانی سەرمایەدانەری ناوخۆیی و بیانی.
عەباس ئارام بە ئاماژە بە پێگەی گومرگی باشماخ و مسۆگەرکردنی پلەی یەکەمی ئێران لە ڕەوتی هاوردەکاری ڕاشیگەیاند: لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا، 183 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای زیاتر لە 301 ملیۆن دۆلار بە شێوەی هاوردەی کاتی، لە ڕێگەی گومرگی باشماخەوە هێنراوەتە ئێران.
ئەوەشی خستەڕوو کە باشماخ لە دوای مەرزەکانی ڕەجایی و پەروێزخان، وەک سێیەمین گومرگی گەورەی ئێران هەژمار دەکرێت کە دوو ملیۆن و 760 هەزار تۆن کاڵای لێوە ئاڵوگۆڕ بکرێت.
